Advertisements
Skip to content

نیسان 4, 2017

یەکێتی بۆ کڵاوچوو، سەریشی نایەبانی

by Kurd
یەکێتی بۆ کڵاوچوو، سەریشی نایەبانی

٥

15230654_1331674900190251_8016300896891937156_n
ماوەیەکی کەم نیە سەرکردایەتی یەکێتی، خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیشی بە پڕۆژەی چاکسازییەوە سەرقاڵکردووە، بەڵام لەهەنگاوی یەکەمدا، پارتی توانی سیحری تەواوی پڕۆژەکەی بەتاڵبکاتەوە و لەکۆی هەموو خاڵەکانی، کێشە سیاسیەکان، شەفافیەت لەدۆسیەی نەوت، پەیوەندییەکان، دۆخ و گوزەرانی نالەباری خەڵک و مووچەخۆران….هتد، هەمووی توڕبدات و تاکە خاڵێک کە لەخزمەتی سیاسەتەکانی خۆیدایە، ئەوە بکاتە قەزیە.

ئیتر باو باوی ڕیفراندۆمە، پەرلەمان با درێژە بەڕێستی خۆی بدات، مەسەلەی شەرعییەت و ناشەرعییەت کۆتایهات، حکومەتیش هەفتەی دووجار مژدەی چاککردنی پاشکەوتی مووچە دەدا و دوای چەند کاتژمێرێک پەشیمان دەبێتەوە، نەوتیش بەبۆری و تانکەر فڕکەی دێ و کەلعادە داهاتەکەشی دیارنیە، ئێ ئەو بەرێزانەش چەند وەختە هەر داوای ئەمەیان کردووە.

٢٥ ساڵ ژیانکردن، تەمەنێکی کەمنیە بۆ تێگەیشتن لەو گروپە سیاسیەی لەسەر گیرفانی خەڵکی هەژار، خۆیان و کەسوکاریان چونەتە سەرتاج و خەڵکیشیان خستۆتە سەر ساج، بەدگومانی و دڵەڕاوکێ لەهەر جوڵەیەکی ئەمانە، تەواو لەجێی خۆیدایەو نابێت بۆ لەحزەیەکیش هیچ ئینسانێکی هۆشمەند، شایەتومان بەڕوئیا و گرەویان بێنێت.

ئەوانەی ئەمڕۆ مژدەی دروستکردنی دەوڵەتمان پێدەدەن، غەیری ئەمە حکایەتێکیان نەماوە بۆ خەڵکی باسبکەن، چیرۆکی دیموکراسی و دەوڵەتی هاوڵاتی و بەدوبەیکردن و دەستەخوشکی شارەکانی دونیا و ئابوری سەربەخۆ و چونە سەرنەخشەی وزەی جیهان، دونیایەکی پڕ کارەسات و ماڵوێرانیان بەدواوە بووە، کەچی بۆ لەحزەیەکیش لەدەم نەکەوتن، ئارەقی شەرمەزاریان نەڕشت، بەرۆکیان بەرنەداین، بەڵکو تادێت ناشرینتر و قەبیحتر دێنەوە بەرچاو.

مژدەی دەوڵەتی ئەمانە، ئەوەندی لەو نوکتەیەوە نزیکە کە دەڵێت “باوکێک توانای بەخێوکردنی مناڵە ڕووت و ڕەجاڵەکانی نەبوو و سکیان قۆڕەی دەهات لەبرسا و کڵافەی گیرفانە بەتاڵەکانیان با دەیشەکاند، کەچی ئەوەندە ڕوقایم بوو، ڕۆژانە بەڵێنی کڕینی خانوی سەربەحرو بەرچایی شیر و هەنگوینی پێدەدان” چارەکی ئەوە تەعبیر لەخواستی نوخبەیەکی چاوچنۆکی شکستخواردوو ناکات، کە لەپێناو مانەوە و بەرژوەندی تەسکی خۆیان، بچوکترین مقەوماتی پێکهێنانی یەکەیەکی نەتەوەیی و سیاسی و جوگرافیان لەم سەرزەمینە وێرانکردووە، لەژێر پەردەی سپیکردنەوەی پارەی دزراوی نەوتدا، خەڵکی کوردستانیان خستۆتە ژێر قەرزی ملیارەها دۆلار، ئێستاش نەمانزانی ئێمە چەند ساڵە نەوت دەفرۆشین یان دەیکڕین؟ ئەمانە هەر ئەوانەن، تەنها بەدزین و تاڵانبردنی نەوت و غازی خەڵک سوکناییان نەهات، بەڵکو بەنیازبوون بیرە نەوتەکان بەخاکەوە هەڕاج بکەن.

ئەوانەی مژدەی دەوڵەتمان پێدەدەن، ئەو گروپە تەماحکارە سیاسیەن، کە تائەم لەحزەیەش خەریکی کڕینی لایەنگرانی یەکتر و بەخێوکردنی سیخوڕن لەماڵی یەکدا، بەردەوام لەبۆسەی فێڵ و تەڵەکەو پاشقول لەیەکترگرتندان، بۆ چاڵە نەوتێک هێز بەرامبەر یەک دەجوڵنێن، لەسەرداهاتی گومرگ و خاوەندارێتی تەپۆڵکەیەک هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانەیان بەکوشتدا، هێزی داگیرکەر نەما بۆ یەکتری نەهێنن، ئەوەی ناوی ئەجێندای نیشتمانی بێت نەیانبووە.

با ئەم گەڕە، شەرەفی ئەم نیشتمانپەروەرییە بەئێوە ببڕێت، ئێمەش ناحەزی ئەزمونە جوان و ناوازەکەتان بین، ئەکرێت پێمانبلێن، سیمای ئەو دەوڵەتەی بۆمان دروستدەکەن چۆنە؟ سنورەکەی کوێیە؟ سیستمی سیاسی سەرۆکایەتیە، پەرلەمانیە، یان تێکەڵە لەهەردوکیان؟ دەوڵەتەکە ئەمارەتی یەکگرتووە، شانشینە، سەڵتەنەتە، کۆماریی دیموکراسیە، کانتۆن و فیدراڵیاتە؟ دەستورەکەی ئەو ڕەش نوسە جوانەیە کە دوای هەوڵی هەموارکردنەوە سەرونوگمکرا، یان دەستورێکی خێزانیمان بۆ بەکرد دەدەن؟ گرەنتی چیە وەک ئابوریی سەربەخۆکەتان، هێندەی تر سەرمان ناکەن بەقوڕا؟ زەمان چیە دزین و تاڵانی نەوت بەردەوام نابێت؟ چۆن دڵنیامان دەکەن لەباشوری سودان ڕەجاڵتر نابین؟ ئەو هەموو موڵگە سەربازییانەی سوپای تورکیا چۆن دەکەنە دەرەوە؟ چۆن دڵنیابین، هەمان چارەنوسی باکوری قوبرسمان نابێت؟ یان نایکەنە ناوچەیەکی ڕمبازێن بۆ دژایەتیکردنی شۆرش و بەخوردانی گەلی کورد لەپارچەکانی تری کوردستان؟

بابەت و وێنەو هەواڵ و ڤیدیپکانتان بنێرن بۆیەک لەم هۆکاری پەیوەندیانە:
zankolinezankolinezankoline@gmail.com
+18596840052

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: