ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەك لەسەر کوژرانى هێمن محەمەد عەزیز بڵاوکردەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کوژرانى هێمن محەمەد عەزیز بڵاوکردەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کوژرانى هێمن محەمەد عەزیز بڵاوکردەوە

بەڕێوبەرایەتیى ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەى کوژرانى شانەیەکى نوستوى داعش لە دەربەندیخان ڕایگەیاند، بەڵگە و دانپیادانان و تۆمارى ڤیدیۆییان لەسەر ئەو کوژراوە و هاوکارەکانى و ئەندامانى داعش هەیە. ڕاشیگەیاندووە، کوژراوەکە بەهۆى برینداربوون و خوێنبەربوونەوە گیانى لە دەستداوە و لەسەر داواى شەهیدانى دەستى ئەو گروپەش ڕێگرى کراوە لەوەى پرسە بۆ ئەو کوژراوە دابنرێت.
ئەمشەو ٩ى نیسانی ٢٠١٧ بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى لە نووسراوێکدا بە ژمارەى تایبەت، ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك ئه‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پێویستى ده‌زانین له‌ سه‌ر كوژرانى تۆمه‌تبار ( هیمن محمد عزیز) ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ بده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م كه‌یسه‌ به‌ لاڕیدا نه‌برێ و لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ نه‌كرێ و خه‌ڵك و ڕاى گشتى پێ چه‌واشه‌ نەکرێت.
لە ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشدا ئەوەش هاتووە “له‌سه‌ر كوژرانى تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز)ى خه‌ڵكى ده‌ربه‌ندیخان، ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ند كه‌ناڵێكى ڕاگه‌یاندن به‌ئامانجى شێواندنى ڕاستی‌یه‌كان ده‌یانه‌وێت وه‌ك سته‌م لێكراو نیشانى بده‌ن و په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ ئاسایش ڕابكێشن، پاڵپشت به‌و به‌ڵگانه‌ى له‌ په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى دادگاى ئاسایشی سلێمانى دایه‌ ورده‌كاریه‌كان و ته‌واوى ڕاستیه‌كان وه‌ك خۆى بۆ ڕاى گشتى ده‌خه‌ینه‌ڕوو”.
لە درێژەى ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشى سلێمانیدا باسى ئەوەشکراوە، تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) كه‌ پیشه‌ى مامۆستایه‌ و براى گه‌وره‌ تیرۆریست (هێرش محمد عزیز)ـه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ناو داعشدایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ تیرۆرستان (سه‌باح ساڵح – ناسراوبه‌ عبدالله) و (ایسماعیل محمد – ناسراو به‌ فاتیح كوردستانى) و (هه‌ورۆ محمد – ناسراو به‌ ئه‌یوب) كه ‌پله‌ى ئه‌میریان هه‌بووه‌ پیلان دائه‌نێن بۆ تێكدانى ئارامى هه‌رێم، تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز ) كه‌ براى یه‌كێكه‌ له‌م ئه‌میرانه‌ وه‌ك شانه‌ى ‌نوستوو هاوكاریان ده‌كات به‌م شێوه‌یه:-
بەپێى ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشى سلێمانى، دواى دزه‌كردنى چه‌كداره‌كانى داعش بۆهه‌رێمى كوردستان و خستنه‌ گه‌ڕى هه‌وڵه‌كانى ده‌زگاى ئاسایش و كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریى ورد بۆ ئاشكراكردن و ده‌ستگیركردنى ته‌واوى ئه‌وكه‌سانه‌ى هاوكارى چه‌كدارانى داعشیان كردووه‌ زیاتر له‌ (٦٠) گومان لێكراو ده‌ستگیركران كه‌ تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌ بڕیارى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاسایش له‌ ٢٩/١١/٢٠١٦ له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌واڵده‌رى نهێنى و چاودێرى و به‌دواداچون ده‌ستگیركرا.
لە بەشێکى ترى ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشى سلێمانى لەسەر کوژرانى ئەو تۆمەتبارە ئەوە خراوەتەڕوو “له‌كاتى پشكنینى ماڵه‌كه‌یدا به‌ بڕیارى دادوه‌ر ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چوار ئامێرى ده‌نگ تۆماركردن و یه‌ك تاقم نه‌شته‌رگه‌رى حه‌وت پارچه‌یی و چوار ده‌مامكى ڕه‌ش و چه‌ند پارچه ‌ پۆشاكێكى كۆن، ناوبراو له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ له‌ڕێگاى گه‌وره‌ تیرۆرست تۆمه‌تبار (هێرش محمد عزیز) ى برایه‌وه‌ كه ‌له‌ناو داعشدایه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ تیرۆرستانى داعشه‌وه‌ داكات، وه‌ به‌یعه‌تى پێداون، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ‌له‌ ڕۆژى ١٧/١١/٢٠١٦ چۆته‌ شارى سلێمانى و چاوى به‌كه‌سێك ده‌كه‌وێت و پیلانى ئه‌وه‌ دائه‌نێن بۆ چۆنیه‌تى ده‌ربازكردنى ئه‌و چوار چه‌كداره‌ى داعش كه‌ له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له ‌گریانه‌ و بۆین كه‌ شوێنیان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ئاشكرا بوبوو وه‌ تێرۆرستێكیان لێ كوژرا”.
لە ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشدا ئەوەش نووسراوە “ئه‌وه‌ بوو له ٢٦/١١/٢٠١٦ تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى خۆى كه ‌له ‌جۆرى ئه‌ڤیۆیه‌ به ‌هاوكاریى دوو تۆمه‌تبارى دیكه‌ به‌ناوه‌كانى ( ه . ج ) و ( ه . ج ) كه‌ بران و ئێستا له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوون و دانیان به‌تاوانه‌كانیاندا ناوه،‌ كه ‌له‌ گوندى ده‌ره‌شیش له‌ ڕێگاى قاچاخ و گونده‌كانى ته‌پى سه‌فاو خێڵى حه‌مه‌وه‌ تیرۆرسته‌كان ده‌گه‌یه‌ننه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه”.
” ده‌نگى تیرۆرسته‌كان و دانپێدانانه‌كانیان به‌ ڤیدیۆیی هه‌یه”
بە گوێرەى ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشى سلێمانی “پاشان تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) هه‌ر چوار تیرۆرسته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌ربه‌ندیخان و ماوه‌ى سێ ڕۆژ له ‌ماڵه‌كه‌یى خۆیدا ده‌یانهێڵێته‌وه‌ به‌پێی وته‌ى هاوسه‌رى ناوبراویش كه‌ له ‌به‌رده‌م لێكۆڵه‌ر و دادوه‌ریش دانى پێداناوه‌ كه‌ (٣) سێ ڕۆژ مه‌ڵه‌كه‌ى له‌سه‌ر داواى هێمنى هاوسه‌رى جێ هێشتوه‌ و چۆته‌ ماڵى باوكى به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى میوانیان هه‌یه‌، پاشان تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز ) و هه‌ر چوار تیرۆرسته‌كه‌ له ‌ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌ ڕۆژى ٢٨/١١/٢٠١٦ به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى ده‌یانگوێزێته‌وه‌ بۆ نزیك گۆڕستانى گوندى كانى سارد و خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆماڵى خه‌زورى و شه‌و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر بڕیارى دادوه‌ر بۆ ڕۆژى دوایى له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و دان به‌ تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێت و به‌ بڕیارى دادوه‌ر به‌مه‌به‌ستى شوێن پێ هه‌ڵگرتن و دۆزینه‌وه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) ده‌برێته‌وه‌ بۆ ئه‌وشوێنه‌ى كه‌ چه‌كداره‌كانى داعشى لێ دابه‌زاندووه‌، له‌كاتى دابه‌زین و ده‌ستكردن به‌ گه‌ڕان به‌دواى تیرۆرستان ڕوو به‌ ڕوو بونه‌وه‌ ڕوو ئه‌دات و تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) له‌ده‌ست هێزه‌كانى ئاسایش هه‌ڵدێـت، له‌هه‌مان كاتدا دادوه‌ر ئاگادار ئه‌كرێـته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵهاتنى تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) و شوێن بزربوونى، پاشان هێزه‌كانى ده‌زگاى ئاسایش به‌درێژایی سه‌دان كیلۆمه‌تر كێوماڵى ناوچه‌كه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن دڵنیا ده‌بن له‌ بوونى پێنج چه‌كدارى داعش له‌ سنووره‌كه” .
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە “ئه‌وه‌ بوو له‌ شه‌وى ( ١ له‌سه‌ر ٢ ى مانگى ١٢/٢٠١٦) چه‌كداره‌ تیرۆرسته‌كان له‌سه‌ر ڕێگاى به‌ركه‌ل – سه‌نگاو بۆسه‌یه‌ك داده‌نێن له‌ ئه‌نجامدا ئۆتۆمبیلێك له‌جۆرى پیكاب تۆیۆتا ده‌كه‌وێته‌ بۆسه‌كه‌یان كه‌ (٣) سێ سه‌رنشینى تێدابووه‌ داوایان لێده‌كه‌ن كه‌ بیان گوازنه‌وه‌ بۆ سه‌نگاو، به‌ڵام ئه‌و سێ هاوڵاتیه‌ ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ هاوكاریان بن و دواتر تیرۆرسته‌كان دوو هه‌وڵاتیه‌ مه‌ده‌نیه‌كه‌ شه‌هید ده‌كه‌ن و كه‌سێكیان بریندار ده‌كه‌ن پاشان چه‌كداره‌كانى داعش په‌یوه‌ندى به‌كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئۆتۆمبیلێكى له ‌جۆرى بارهه‌ڵگرى كه‌پس ئاماده ‌بكات بۆ گواستنه‌وه‌یان بۆ سنوورى جه‌له‌ولا، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشی خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌به‌ر ده‌م دادوه‌ردا دان به‌ تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێـت وله‌ ئیستادا ناوبراو ڕگیراوه‌، دواتر له‌شه‌وى ٤/١٢/٢٠١٦ چه‌كداره‌كانى داعش كه‌ له ‌ماڵى تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) خۆیان حه‌شاردابوو له ‌گوندى پونگڵه‌ ده‌رده‌كه‌ون و له‌ئه‌نجامى ڕوو به‌ ڕوو بونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى گونده‌كه‌ دوانیان لێ ده‌كوژرێت و پاشتریش دوو چه‌كدارى تیرۆرستى دیكه‌ هاوڵاتیه‌كى مه‌ده‌نى به‌ناوى (محمد والى) كه ‌هاوكارى هێزه‌كانى ئاسایشى ده‌كرد شه‌هید ده‌كه‌ن و پاشان هه‌ردوو چه‌كداره‌ تیرۆرسته‌كه‌ ده‌كوژرێن”.
ئاسایشى سلێمانى باسى ئەوەشیکردووە “ئه‌وه‌ بوو پاش چه‌ند ڕۆژێك له‌لایه‌ن بنكه‌ى پۆلیسى سێوسێنانه‌وه‌ ته‌رمێك له‌ سنووره‌كه‌یان ده‌دۆزنه‌وه‌ پاش ڕه‌وانه‌كردنى بۆ پزیشكى دادوه‌رى پشكنینى (DNA) بۆ ده‌كه‌ن و ده‌رده‌كه‌وێت ته‌رمه‌ دۆزراوه‌كه‌ تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز)ـه‌ كه‌ به‌پێی ڕاپۆرتى پزیشكى دادوه‌رى سلێمانى له‌ ئه‌نجامى به‌ركه‌وتنى فیشه‌ك و خوێن به‌ربوونى زۆر گیانى له‌ده‌ست داوه” .
“لەسەر داواى بنەماڵەى شەهیدانى دەستى ئەو گروپە ڕێگا نەدرا پرسە بۆ هێمن محەمەد عەزیز دابنرێت”
لەبارەى هۆکارى ڕێگریکردن لەوەى کە پرسە بۆ ئەو تۆمەتبارە دانەنرێت، ئاسایشى سلێمانى لە ڕوونکردنەوەکەیدا نووسیویەتى “له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌سى تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) كه ‌هاوكارى چه‌كداره‌ داعشه‌كانى كردزوه‌ به‌شدار بووه‌ له‌ تێكدانى ئارامى هه‌رێم و بۆته ‌هۆى شه‌هیدكردنى (٣) سێ هاوڵاتى له‌ عه‌شیره‌ته‌كانى سنورى ده‌ربه‌ندیخان و بریندار بوونى (٥) پێنج كارمه‌ندى ئاسایش و (١) یه‌ك پێشمه‌رگه‌و (١) یه‌ك هاوڵاتى، ده‌زگاى ئاسایش پێی باش بوو پرسه‌ بۆ تۆمه‌تبار (هێمن محمد عزیز) دانه‌نرێت تاكێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش داواى بنه‌ماڵه ‌و ئه‌و عه‌شره‌تانه‌ش بووه‌ كه‌ شه‌هیدیان دابوو بۆ ئارامى هه‌رێم”.
لە کۆتایى ڕوونکردنەوەکەى ئاسایشى سلێمانیدا باسى ئەوەکراوە “له‌كۆتاییدا ئه‌م بوختان و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستنانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌ناڵێكى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ له‌كاتێكدا چه‌ندین تیمى تایبه‌تى هێزه‌كانمان زیاتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌یه‌ سه‌رقاڵى كێوماڵكردنى چه‌ندین ناوچه‌ى هه‌رێمى كوردستانن و شه‌و و ڕۆژیان خستۆته‌ سه‌ریه‌ك و ژیانى خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ تا ئارامى هه‌رێم و سه‌روماڵ و كه‌رامه‌تى هاوڵاتیان بپارێزن تا له‌ ڕۆژانى خۆشى و شادیدا ژیان به‌ڕێكه‌ن، كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ تۆمه‌تانه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمنانى ئارامى و ئاسایشی هه‌رێم ده‌كات، سورترمان ده‌كات هه‌رێمه‌كه‌مان بپارێزین به‌ پشتیوانی و دڵسۆزى ئێوه‌ى نیشتمان په‌روه‌ریش به‌ڵێنتان بۆ دووپات ئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خه‌ممان ته‌نهاو ته‌نها ئاسایش و ئۆقره‌یی هه‌رێم بێت” .
NRT

Advertisements

کۆمێنتێک جێبهێڵە