هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: یەکێتی ڕۆژی ڕەشبوو

کۆبونەوەی دوێنێی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جارێکی تر ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەمانە بەدووری زەوی لە ئاسمانەوە، دوورن لە تێگەیشتنی باری ناوخۆی حزبەکەیان و کارەساتی ژیانی هاووڵاتیانەوە.
سەرەڕای ئەمەش، ڕاگەیەندراوی رۆژنامەوانی ئەم کۆبونەوەیە، هەموو ڕاستییەکانی چەواشەکردووە، پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی سەرەوژێر کردووە و تەنانەت بەها کۆمەڵایەتییەکانیشی خستۆتە ژێر پێ.

ڕاگەیەندراوی ئەم کۆبونەوەیە ئەڵێت “كە چی دیكە ناكرێ‌ دیسپلینی حزبایەتی ‌و جێبەجێكردنی پەیڕەوەی ناوخو و ژیانی حزبایەتی و پەیرەوی ناوخۆ فەرامۆش بكرێ”.
لێرەدا پرسیار ئەکەم، کام دیسپلین و پەیڕەوی ناووخۆی چ حزبێک ڕێگە ئەدات بە دڵنەوایی و ئاشتکردنەوە و سەپاندنی یەکێک لە گەندەڵترین و ڕەوشتنزمترین کەسانی ئەم ووڵاتە و گیڕانەوەی بۆ لوتکەی دەسەڵاتی ئەم حزبە؟ ئایا ئێوە هیچ بایەخێک ئەدەن بەوەی پێشمەرگە و کادیرانی ئەم حزبە چۆن لەم بڕیارەتان ئەڕوانن؟ ئایا هیچ گرنگە بەلاتانەوە کە ئەمڕۆ شەقام، سەرەڕای گیرفانی بەتاڵ و برسییەتی، پێتان پێئەکەنن؟

ئاخر ئەگەر بە کوردی نەم ووتبا مەلا بەختیار چییە و چی کردووە ئەوا هەقتان بوو تێنەگەن، بەڵام من خۆم شەرمم کرد کەوا بەڕاشکاوانە باسم کرد! ئەگەر ئێوەی م.س. لەمە حاڵی نەبن، ئەی چۆن لە دۆخی ئاڵۆزی ئەم ووڵاتە تێئەگەن و چارەسەری بۆ ئەدۆزنەوە؟
هەروەها م.س. لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەڵێت “ئەو هەڤاڵانەی پێشلكاریان ئەنجام دابێ‌، سەرزەنشتی رەسمیان ئاراستە دەكرێ‌”. ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی ڕۆژی قیامەت! داکۆکیکردن لە نەخشەڕێگای یەکێتی، کە لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە پەسەند کراوە، لای ئەم زاتانە پێشێلکارییە. داکۆکیکردن لە سەربەخۆیی یەکێتی و دژایەتیکردنی کلکایەتی پێشێلکارییە. کە وایە، ئەنجومەنی ناوەند و کۆمیتەی سەرکردایەتیتان بۆ چییە؟ هەمووی بدەنە دەست مەلا بەختیاری بلیمەت و با هەر خۆی حیزبەکەتان بەڕیوەبەرێت.

ئەگەر بەشداربووانی ئەم کۆبونەوەیە مسقاڵێک بوێر و دڵسۆز بوونایە بۆ ڕیبازی یەکێتی، ئەبوایە مەلا بەختیار دەرکەن و ڕەوانەی دادگای بکەن، ئەبوایە دلێری سەید مەجید دەرکەن و ڕەوانەی دادگای بکەن. ئەبوایە پشتگیری خۆیان بۆ نەخشەڕێگای یەکێتی دوپات بکەنەوە وە کاتێک دەستنیشان بکەن بۆ یەکگرتنی یەکێتی و گۆڕان. ئەبوایە هاوخەمی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕن و بەڵینیان بێ بدەن کە بە هەموو هێز و توانایانەوە هەوڵ ئەدەن بۆ باشکردنی گوزەرانیان.

ئەم کۆبونەوەیە شانۆگەرییەکی هەرزەکارانەبوو، بەڵام تێناگەم ئەو هەموو سەرسپییە بۆ ڕازی بوون بەشداری تێدا بکەن؟ مەبەستیش لێی گەیاندنی سێ پەیام بوو:
١-مەلا بەختیار هێشتا لە لووتکە دایە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی هەموو فەرمانێکتان.
٢- ئەوپەڕی بایەخ ئەدەین بە هەوڵەکانتان بۆ ڕیفراندۆم و …هتد، هەر بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش دەستخۆشیمان لە عەدنان مفتی کرد.
٣-لەمەودوا دژایەتیکردنی لقەکەی پارتی لەناو م.س.ی یەکێتیدا بەهیچ شێوەیەک ڕێگای پێنادرێت.

لە کۆتاییدا ئەڵێم، دوێنی ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ یەکێتی و بۆ ئەم هەرێمە، ئەم کۆبوونەوەیە و هەموو دەرئەنجامەکانی لەبەرژەوەندی میللەت و یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی تر دا نەبوو، تەنها یەک براوەی هەبوو: مەسعود بارزانی.

Advertisements

کۆمێنتێک جێبهێڵە