Advertisements
Skip to content

نیسان 12, 2017

عەدنان عوسمان:مەسعود بارزانی هەر سەرۆکی پارتی نیە بەڵکو سەرۆکی یەکێتیشە

by Kurd

یەکەم: هەموو هەوڵی سەرکردە مەیلدارەکانی پارتی لە نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا، ڕازیکردنی گۆڕانە بۆ هاتنە نێو ئەم گەمەی بەیعەتە بە بنەماڵەی مەسعود بارزانی کە ناویان لێناوە ریفراندۆم.
لەم پێناوەدا دەیانەوێت بەهەر فرت و فێڵێک بێت گۆڕان رازی بکەن بڕواتە نێو لیژنەکانیان، چونکە باش ئەزانن کە ئەم پرسە بەبێ گۆڕان ناکرێت، گەر بشکرێت ئەوا کێشەی گەورە بۆ سەرکردایەتی یەکێتی دروست ئەبێت.

بۆیە سەرەتا دەبێت دەمی گۆڕان لەیەک نێن بە ناوی هەنگاونان بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان، بەڵام بە دەستەی سەرۆکایەتی نوێوە، ئەمەش گوایە هەم گۆڕان رازی ئەکات و هەمیش بارزانی.

مەسەلەکەش ئەوەیە لە چەند دانیشتنێکی پەرلەماندا، بێ قسەکردن لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەیان پرسی تر، پەرلەمان تەنها سەرقاڵی ئەم یاریە بکرێت. واتە پەرلەمان بکرێتە لیژنەیەکی تری ئەم پرسە.

دووەم: مەسعود بارزانی ئێستا تەنها سەرۆکی پارتی نیە، بەڵکو لە غیابی تاڵەبانیشدا سەرۆکی ئەم بەشەی سەرکردایەتی یەکێتیشە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەمە دوو بەیاننامەیە ناوی کاک مەسعود بە: سەرۆک مەسعود بارزانی دەهێنن. نە سەرۆکی هەرێم و نە سەرۆکی پارتی، بەڵکو تەنها سەرۆک، ئەمەش لەهەموو عورفێکدا مانای رازی بونە بە سەرۆکایەتی ئەو کەسە.
بۆیە چیتر ناکرێت باس لە پاشکۆیەتی بکرێت، مسەلەکە لەوەش تێپەڕیوە.

سێیەم: ئەم سەرکردانەی یەکێتی لەسەر دروستکردنی چەندین لیژنە ڕێککەوتوون لەگەڵ پارتیدا، بەڵام تەنانەت هەر بۆ دڵخۆشکردنی کادرانی حزبەکەشیان، کە گوایە ئەم جارە شوکر نەخشەرێگاکەیان لەبیر نەچووە و لەگەڵ خۆیان بردویانە، باسیان لە هیچ لیژنەیەک نەکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو نەخشە رێگایە.
کەواتە ئەم سەرکردانەی یەکێتی تەنها ئەرکیان گواستنەوە واتە بەرید بووە، نەک داکۆکیکردن لە پلانی حزبەکەیان بۆ چارەسەرکردنی هەموو قەیرانەکان کە لە نەخشەرێگاکەدا هاتووە.

دوا تێبینیم ئەوەیە، بەشێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەتەواوەتی پشتیان لە رێککەوتنی نێوان حزبەکەیان و گۆڕان کردوەو، حسابی نەبوی بۆ ئەکەن، هەموو ئەم هەنگاوانەی یەکێتی پێشێلکردنی روحی ڕێککەوتنەکەیە.

بۆیە پێویستە گۆڕان سێ هەنگاو بنێت:
یەکەم: هەموو جۆرە دانیشتنێک لەگەڵ وەفدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی یا هەر وەفدێک بەو پەیامەوە، رەد بکاتەوە و لە ژێر هیچ بیانویەکدا نەڕواتە ژێر باری ئەو یارییە ساختەیە، بە ناونیشانە جیاوازەکانیەوە.

دووەم: داوای دانیشتنی دەستبەجێی سەرکردایەتی هاوبەشی هەردولا، یا گەر نەکرا دانیشتنی هاوبەشی هەردوو سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان بکات بۆ یەکلا کردنەوەی پرسی ڕێککەوتنەکە.

سێیەم: کار بۆ دانیشتنێکی پەرلەمان بکات بە هەیئەتی شەرعیی ئێستایەوە، بۆ قسەکردن لەسەر سەربەخۆیی هەرێم بە ناوچە دابڕاوەکانەوە. ئەگەر ئەوە نەکرا، هەوڵ بۆ بەدیلی گونجاوی تر بدات.

ااا

عەدنان عوسمان ئەندامی پێشوی پەرلەمان

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: