سندوقى دەنگدان و تەنکەى خۆڵەکە چ جیاوازییەکى هەیە؟ ئیتر ئاوایە!

ئیتر ئاوایە…
ڕاستدەکەن ، بەبێ پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن، ڕاو ڕووت بکەن، ڕۆژنامەنوس بکوژن، خەڵک لەسەر شەقامەکان بدەنە بەرشەق، سوپاى داگیرکەر بێنن، چاوى پیرەکان کوێربکەن، دەستى منداڵەکانمان ببڕنەوە، نەخۆش و ساغ لەناوبەرن، هەرچییەک دڵیان بێگرێ و حەزیان لێیبێت دەیکەن.
ئێستا مۆدیلى سیاسى و پیسخۆرى لەوەدایە بڵێى، بەبێ پەرلەمانیش دەتوانین ڕیفراندۆم بکەین، ئەى گوایە پارتى ئەم هەموو ملقەویی و نەوتخۆرەى بۆ ڕاگرتووە، بۆ ئەشهەدوبیلا و شاهیدى درۆ نەبێت، ئیشى چی پێیانە؟.
پەرلەمان چیە؟ قانون و تەشریع لەهەرێمى کوردستان دەربچێت یان دەرنەچێت، چ بەهایەکى هەیە، کێ حسابى بۆ دەکات، چى لەبێدادى و یاساشکێنیەکان دەگۆڕێت، تۆڕى “یاساى کوردى” غەیرى ماسى بچوک، کوا ماسیەکى گەورەى گرتووە؟ قانون بەلاى ئەمانەوە لەکاغەز و مەرەکەب زیاتر هیچى ترنیە، زۆر بەسادەیى دەڵێن خۆمان نوسیومانە، ئەوە دەدرێنین و دانەیەکى تر دەنوسین.
ئەسڵەن ئەوانەى سەرى زمان و بنى زمانیان کاراکردنەوەى پەرلەمانە، دەبێ چاک بزانن، تائێستا خاتریان گیراوە و دڵیان نەشکاندوون، چونکە پەرلەمان لەقاموسى ئەمانەدا شوێنێکى زیادەو ڕەزاقورسە، مەکانێکە بۆ چەلەحانێى بێزارکەر.
بۆیە زۆر ئاسایى وەرگرن، ئەگەر پێیانوتن لەپێناو برەودان بە پیشەسازى خۆماڵى، بارەگاى پەرلەمان دەکەین بەگەوڕ، یان پێیانوتن، هەڵبژاردن چیە، ئەو خەڵکە بۆ بێنینە سەرجادە و بیاندەین بەگژیەکدا، سندوقى دەنگدان و تەنکەى خۆڵەکە چ جیاوازییەکى هەیە؟ هەر نایکەین.

ئیتر ئاوایە ، ئەى ئەوە نیە پۆستى سەرۆک بەیاسا ڕێکخراوە و خۆیان تێیانپەڕاندووە و ئیمزایان لەسەرکردووە، حسابى تورێكيشى بۆ ناکەن!!!

Advertisements

کۆمێنتێک جێبهێڵە