فراکسیۆن پارتی: ئەو پەرلەمانتارانەی چون بۆ ئەوروپا وێنەی پەرلەمان و پەرلەمانی کوردستان دەشێوێنن

وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار بۆ ئه‌وروپا ڕایده‌گه‌یاندووە، ئه‌و شانده‌ی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌وروپا یان كردووه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌ و بەبێ ئاگاداریی‌ سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە. میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌زاری محه‌مه‌د عه‌لی‌ یاسین، وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌ “له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ گوایه‌ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی برۆكسل و باره‌گای په‌رله‌مانی ئه‌وروپایان كردووە، ئه‌م به‌رێزانه‌ هه‌روه‌ك له‌ وێنه‌كانیان دیاره‌ ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی پرۆتۆكۆڵه‌وه‌ وێنه‌ی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاری كوردستان ده‌شێوێنن.”

وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ نامه‌یه‌كی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ بڵاوبووته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ “داوای پشتگیری له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و به‌ حیساب به‌ ئینگلیزی نووسیویانه‌‌، كه‌چی سه‌راپای پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌ و چه‌وتی زه‌قی وه‌ها كه‌ له‌ نووسینی كه‌سانی خوێنده‌وار ناچێت.”

وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی‌، “ئه‌م شانده‌ كۆبوونه‌وه‌كانییان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ رێكخستنه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ برۆكسل رێكخراوه‌ و به‌رده‌وام نوێنه‌ری ئۆفیسی ئه‌وان له‌ گه‌ڵیاندایه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر شاندی فه‌رمی په‌رله‌مانی كوردستان بێت، ئه‌وكاته‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ گه‌ڵیان ده‌بوو.”

  محه‌مه‌د عه‌لی‌ یاسین وتوشیه‌تی ” بۆیه‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ شاندكردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ نییه‌ و نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان ناكات، نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنه‌كانیش ناكات و بەبێ ئاگاداریی‌ سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە.”

ئەوەش لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا شاندێک لە پەرلەمانى کوردستان و لە فراکسیۆنەکانى گۆڕان و یەکێتى و کۆمەڵ و یەکگرتوو سەردانى پەرلەمانى ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتى ئەوروپایان کرد و لەو سەردانەیاندا چەندین کۆبوونەوەى جۆراجۆریان ئەنجامداوە.

NRT

Advertisements

کؤمینتت چیە؟