Advertisements
Skip to content

ئایار 28, 2017

کە ژن بوو بە بێوەژن!

by Kurd

کە ژنێک بو بە بێوەژن

حسێن علی شریف

11951778_10153273626363495_3726194924233205027_n
کە ژنێک بو بە بێوەژن ئیتر لە ماڵە باوانیا وەک کائینێکی حەیابەر وەک تاوانبارێکی گەورە تەماشای ئەکرێت.
.
کە ژنێک بو بە بێوەژن جلەکانی، پێکەنینەکانی، گریانەکانی، هاتو چۆی ماڵە خوشکو براکانیشی ئەکەوێتە ژێر سانسۆری قەبیلە.

کە ژنێک بو بە بێوەژن لە گەڕەکا ماڵەکەیان بە ناونیشانی (ئەو ماڵەی بێوەژنەکەیان هەیە) ئەناسرێتەوە بەڵام ئەگەر لە هەمان ماڵا حەوت چەقاوە سوری سەرسەری هەبن کەس باسیان ناکا.

کە ژنێک بو بە بێوەژن عەیبەیە بە تەنیا بڕواتە خەستەخانە عەیبەیە بە تەنها بڕواتە بازاڕ،بەڵام چڵمنەکەی برای سێ دانە ژنی تەلاق داوەو رۆژانە لە بەر دەنگی تەقەی پولی دۆمینەکانی بازاڕ هەراسان بوە.
کە ژنێک بو بە بێوە ژن ئەگەر سەردانی قەیسەریەکەی بازاڕی کرد بە قودرەتی قادر هەرچی پیاوی دوکانداری بازاڕەکە هەیە وەک ئەوەی گەڕی تێی دابن ئەکەونە گەڵو گون خوراندن.
یەکێک هاوار ئەکا ئەرە خاڵە حەمە بانگی عەسری نەفەرمو یەکێک هاوار ئەکا لێی بڕاوە قەدری باش ئەزانێ!.ئیتر بە خەیاڵی بۆگەنی ئەوان ئەو ژنە سوێێ بۆتەوە بۆ بۆگەنی بن باڵو ناوگەڵی ترشاوی ئەوان!

کە ژنێک بو بە بێوە ژن سەرسەریەکی شەلاتی کە ناوی خۆی ناوە هونەرمەندی گۆرانی بێژ گۆرانیەکی بۆ کلیپ ئەکاو هاوار ئەکا ( بێوەژنە دەستی دوە).
شەلاتیەکی تریش سیدیەکەی ئەخاتە سەر ئاخیر سەوتو لە گەڵیا تەزبیح بائەدا.

کە ژنێک بو بە بێوەژن ئیتر ئەبێت بە کزۆڵیەوە چاوەڕێێ کەرەمی پیاوێک بکات کە بێتە داوای لە باشتری حاڵەتیشدا پیاوێکی سەرو سمێڵ بۆیاخکراوی ژندار دێت کە باوکی ژنە بێ یەکو دو بە مەمنونیەوە ڕازی ئەبێت.

کە ژنێک بو بە بێوە ژن ئەگەر جلێکی جوانی لە بەر کرد ئەگەر دەستێکی هێنا بە خۆیا ئیتر بەر لە هەمو کەس دراوسێکانی پێێ ئەڵێن ئەوە بە دوای شودا ئەگەڕێ.

ژنێک تەنها لە بەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت بەرگەی ئیهانەو لێدانو خیانەتو جنێوی پیسی مێردێکی سەخیف بگرێت.
ژنێک تەنها لە بەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت هەمو ژیانی لە زیندانێکا بە ڕێ بکات.

ژنێک ئەوە ئەزانێ کە ئەگەر بو بە بێوەژن ئیتر ئەبێتە ئینسانی دەستە دوو پیاوێکی خوێڕی پێێ ئەڵێت قیمەتی نیە چونکە سەر مۆر نیە!

میلەتێک ئەگەر ئائەمە تێڕوانینی بێت بۆ ژنێک ئەگەر دە ئەوەندەی تریش دەرچوی زانکۆو نویژکەرو سیکۆلارو تەرەماشی هەبێت هەر گەمژە ترین میلەتی سەر زەویە!

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: