مالکی هەڵوێستی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانێتی بەستن راگەیاند!

نووری مالیکی رایدەگەیێنێت، حیزبی دەعوە پشتیوانی لە دوو لیستی هەڵبژاردن دەکات و هەر هەوڵێكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە. مالیکی خۆی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادیش سەرۆکایەتیی لیستی نەسر و ئیسلاح بکات.

نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، حیزبی دەعوە بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2018 دا پشتیوانی لە دوو هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردن بکات، هەروەها لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنێت بۆ پشتوانیکردنیان لە کێبڕکێکی هەڵبژاردنەکاندا.

مالیکی دەشڵێت، حیزبی دەعوە پەیوەستە بەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دەستووری خۆی ئەنجامبدرێت، هەر هەوڵێکیش رەتدەکاتەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و رێگریکردن لەوەی عێراقییەکان مافی خۆیان لە بەشدارییکردنی پرۆسەی دیموکراسی مومارەسە بکەن.

ئێوارەی رۆژی شەممە 13-1-2018، سەرکردەکانی حیزبی دەعوە بە ئامادەبوونی نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی لە شاری بەغدا لەبارەی چۆنییەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.

عەلی عەلاق، سەرکردە لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرکردەکانی حیزبی دەعوە بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە رێککەوتن کە نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزب سەرۆکایەتیی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حیزب سەرۆکایەتیی لیستی نەسر و ئیسلاح بکات.

عەلی عەلاق کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی حیزبی دەعوە، گەورەترین حیزبی شیعەکانی عێراق راشیگەیاند، حیزبی دەعوە وەک چاودێری گشتی دەبێت بەسەر هەردوو لیستەکە، بەبێ ئەوەی بە لیستی هەڵبژاردن دابەزێت.

بڕیارە 12-5-2018 هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە بەڕێوەبچن. نووری مالیکی هاوپەیمانێتییەکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان پێکهێناوە و لە 8 قەوارەی سیاسی پێکهاتووە. لیستەکەی عەبادیش بەهەمانشێوە لە چەند لایەنێک پێکدێت بەتایبەت ئەو لایەنانەی دژی داعش شەڕیان کردووە.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

Advertisements

کۆمێنتێک جێبهێڵە