چیرۆکی ئەوکاتە پارتی هێزی برد بۆ پەلاماردانی گرەکەی گۆڕان و کاردانەوەی نەوشیروان مستەفا

ڕاستییه‌ک بۆ مێژوو له‌باره‌ی په‌لاماری پارتی بۆ گرده‌که‌ و هه‌ڵوێستی کاک نه‌وشیروان.
.”عەلی حەمە ساڵح”

وه‌ڵامێک بۆ منه‌ته‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار
کاک مه‌لا به‌ختیار وه‌ک منه‌تێک ده‌ڵێت: کاتێک پارتی هێزی نارده‌ سه‌ر گۆڕان به‌نده‌ یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی نه‌مان هێشت پارتی بێته‌ سلێمانی..
باسی هاتنی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی دێرینی یه‌کێتی ده‌کات بۆ سه‌ر گرده‌که‌!.
به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆم ده‌زانم چه‌ند ڕاستییه‌کی په‌یوه‌ست به‌و ڕوداوه‌ باس بکه‌م.
ترس له‌ کاک نه‌وشیروان و هاوڕێکانی و گۆڕانخوازان و خه‌ڵکی سلێمانی بوو،که‌ هیچ هێزێک نه‌یتوانی په‌لاماری گرده‌که‌ بدات، هیوادارم ئیدی هیچ به‌رپرسێک خۆی به‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌ڵنه‌کێشێت، گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ هێزێکی ده‌ستوپێ سپی نیه‌ چاوی له‌ ده‌ستی به‌رپرسه‌کان و حیزبه‌کانی دیکه‌ بێت بۆ پاراستنی..
ڕاستیه‌کی کورت…
به‌رپرسێکی پارتی ته‌له‌فونی بۆ کاک نه‌وشیروان کرد، وتی: پێمانباشه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ دابخه‌ن.
کاک نه‌وشیروان، وتی: ئێمه‌ ته‌له‌فزیۆنێکمان هه‌یه‌، ئێوه‌ چه‌ند ته‌له‌فزیۆنێکتان هه‌یه‌، ئێمه‌ ڕادیۆیه‌کمان هه‌یه‌، ئێوه‌ چه‌ند ڕادیۆیه‌کتان هه‌یه‌، وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.
به‌رپرسه‌که‌ی پارتی، وتی: ناچارین خۆمان دایبخه‌ن.
کاک نه‌وشیروان سوێندێکی خوارد وتی: ئه‌گه‌ر هێرش بکه‌ن، بۆ سلێمانی و گرده‌که‌ یه‌ک چه‌کدارتان به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رناچێت.
ئه‌و شه‌وه‌ دۆخه‌که‌ توند بوو هه‌ڵوێست و ترس لای زۆر که‌س ده‌رکه‌وت، به‌رپرسێکی یه‌کێتی په‌یوه‌ندی کرد به‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانی گۆڕان و وتی: پارتی ده‌یه‌وێت هێرش بکات و ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ش نه‌توانین ڕێگر بین، ئه‌و سه‌رکرده‌ی گۆڕان که‌ ئێستا زیندووه‌و له‌ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنه‌ وتی: ئێمه‌ له‌ گرده‌که‌ین و فه‌رموون خۆشتان له‌گه‌ڵیان وه‌رن.
ژماره‌یه‌کی زۆری هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان و خه‌ڵکی سلێمانی چه‌کی هه‌ڵگرتبوو، پارتیش زانی په‌لاماردانی گرده‌که‌ کارێکی ئاسان نیه‌!
تێبینی: هه‌ندێک به‌رپرسی یه‌کێتی به‌ هه‌ڵوێست بوون.
ئایا به‌ڕاست پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی یه‌کێتی په‌لاماری گرده‌که‌و کاک نه‌وشیروان ده‌ده‌ن!.
ئێمه‌ ورده‌کاری ئه‌و کۆبونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیشمان لابوو، ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی یه‌کێتی وتبویان له‌ گرده‌که‌ چه‌ک دابه‌شده‌کرێت و ده‌بێت هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، بۆچونی مه‌لا به‌ختیارو شێخ جه‌عفه‌ریشمان لایه‌و دواتر ناقیله‌ی ئه‌شخاس و چه‌کی قورستان هێنایه‌ به‌رامبه‌ر گرده‌که‌( هی یه‌کێتی بوو، نه‌ک پارتی).
دواتریش چۆن لابرا بابه‌تێکی روونه‌.
ورده‌کاری روداو و هه‌ڵوێسته‌کان له‌ به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵیه‌که‌ی گۆڕانه‌وه‌ تاوه‌کو کۆتایی خۆپیشاندانه‌کان زۆرن، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئێستا باسکردنیان پێویست نه‌بێت.
شاهیده‌کانی ئه‌م ڕوداوانه‌ زیندوون.

Advertisements

کۆمێنتێک جێبهێڵە