Advertisements
Skip to content

نیسان 26, 2018

ئەو رۆژەی براکەم ژنی هیناو ئەو شەوەی خوشکەکەم شوی کرد

by Kurd

ئەو رۆژەی براکەم ژنی هینائەو شەوەی خوشکەکەم شوی کرد

حسێن على شريف

ئەو ڕۆژەی براکەم ژنی هێنا یەکێک بو لە خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی باوکمو ئێمە.

ئەو ڕۆژە باوکم ئەیویست تەواوی ئەهلی ئەو شارە دەعواتی شایی براکەم بکاتو هەرچی هەیە بیدا بە خواردنو شیرینی..

باوکم قاتێکی تازەی لە بەرکردبو کڵاوو جامانەکەشی ئەوەندە توند بەستبو وەک ئەوە وابو بۆ جەنگێک خۆی ئامادە بکا نەک شایی براکەم.

باوکم تاوێک لە سەربانو تاوێک لە حەوشەو جار جارەش لە بەردەم ڕیزی ڕەشبەڵەکەکەدا ئەبینراو بە کەیفو زەوقێکی زۆرەوە سەڵاوی لە میوانەکان ئەکرد.

باوکم تاکە کەسێکی دڵخۆش نەبو ئەو رۆژە، بگرە دایکیشم جوانترین جلی خۆی لە بەر کردبو کڵاوو زەڕێکی جوانیشی کردبوە سەری.

ئێمەش هەر یەک لە خوشکو براکانی ترم بە جوانترین شێوە خۆمان گۆڕیبوو .
ئەو رۆژەی براکەم ژنی هێنا باوکم ئەیویست تەواوی شارەکە بزانێت کە کوڕەکەی ئەبێت بە زاوا !.

هەر ئێوارەکەشی کڵاشنکۆفەکەی حازر کردبو بۆ تەقەی نیشاندانی شەهامەتی براکەم،

بۆ ئاگادار کردنەوەی تەواوی شار لە پاکیزەییو کچێتی بوکە تازەکەمان !.!.

بۆ شەوەکەی باوکم بە ترسو دڵە ڕاوکێوە لە حەوشەکەدا بە خۆیوو تفەنگەکەیەوە ئەهاتو ئەچو ،

ئیتر ئەوەی باوکم چاوەڕێێ کرد هەر ئەوە ڕویداو بە دەستڕێژێکی گولە هەمو شاری ئاگادار کرد کە براکەم بوە بە پیاو!..
ئەو شەوەی خوشکەکەم شوی کرد

باوکم یەکێک لە مەرجەکانی بۆ ڕازی بون بە شوکردنی خوشکەکەم ئەوە بو کە بێ دەنگی بیگوازنەوەو لە دو ژنو سایەقی سەیارەکە زیاتر کەسی تر نەیەتە بەر ماڵی ئێمە.

ئەو شەوەی خوشکەکەمیان گواستەوە ماڵ ئێمە ئەتگوت شاری دوای جەنگێکی درێژ خایەنەو هەمو شتێ بۆنی بێدەنگیو ماتەمی لێ ئەهات.

من هەر سەر لە بەیانیەکەی لە گەڵ هەردو براکەی ترما ڕۆشتین بۆ ئاواییەکەی ماڵ باوکمو تا دو رۆژ نەهاتینەوە چونکە نەمان ئەویست لە ناو مناڵانی گەڕەکا شەرمەزار بین.

باوکم خۆشی بە بیانوی سەردانی مەرقەدی غەوزی گەیلانی ڕۆشتە بەغاو دایکیشم جگە لە گریان هیچ شتێکی تری نەبو بیکا لە مەراسیمی شوکردنی خوشکەکەما.
ئەو شەوەی خوشکەکەم شوی کرد بە پێچەوانەی ئەو ڕۆژەی براکەم ژنی تیا هێنا باوکم ئەیویست تەواوی ئەو شارە بکاتە خەوو کەس بەوە نەزانێت کە خوشکەکەم شو ئەکا.

ئەو شەوەی خوشکەکەم شوی تیا کرد بۆ ئێمە شەوێکی پڕ لە شەرم کردن بو شەوێک بو نەمان ئەویست هیچ شەوێکی تری لەو شێوە لە ژیانی ئێمەدا هەبێت.

ئەو شەوەی خوشکەکەم شوی کرد بە تەنهاو بە بی کەسی ئێمە بەرەو ژیانێکی تر رۆشتو کەس لە ئێمە بەشداری خۆشی ئەوی نەکرد.

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: