ئاشکرابونی نھێنی فێل و تەزویر لە ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان

چەند زانیاریەکی گرنگ لەسەر چۆنیەتی فێڵ و تەزویر لە ئامێری ژماردنی دەنگەکان و هەڵبژاردن بە گشتی.

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنتراکتێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆری واژوو کرد بە بڕی 120 ملیۆن دۆلار وەک ئەوەی کۆمپانیا کۆریەکە بڵاوی کردیتەوە، (بۆ زانیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندیە کە ١٣٥ ملیۆنە جا ئیتر نازانم هۆکاری چیە زیاتریان ڕاگەیاندیە)

لەم کۆنتراکتە، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانیەکە هەڵبستێ بە پێدانی حەفتا هەزار ئامێر بە عێراق بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی خێرا و مۆدێرن.

هەڵبەتە ئەو سیستەمە پێک دێ لە سیستەمی بایۆمەتری کە لەڕێگەی وەرگرتنی زانیاری پەنجەمۆر و چاوەوە داتاکان دەناسێتەوە لە داتا سەنتەرێک هەڵی دەگرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دەنگدان هەموو زانیاریەکانی دەنگدەران نیشان بدات و بە شێوەیەکی خێرا ڕێگا بگرێت لە دەنگی دووبارە و مردوو و تۆمار نەکراو کە ئەوەیان یارمەتیدەرێکی باشە بۆ پاکردنەوەی لیستی دەنگدەران و ڕێگاگرتن لە دەنگدەری دووبارە و تەزویری تەقلیدی کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر زۆر باو بوو بۆ زیادکردنی دەنگی لایەنەکان.

ئامێرێکی تر هەیە کە ئەویش بۆ ژماردنی دەنگەکانە دوای دەنگدان، کە ئەوەیان کڕۆکی بابەتەکەیە ئەویش بەکاردێت بۆ ژماردنی دەنگەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خێرا بۆ ئەوەی جیاکردنەوەی دەنگەکان ئاسان و خێراتر بکات.

ئەم ئامێرە دوای ژماردنی دەنگەکان ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل لەسەر ژمارەی دەنگەکان و کاندیدەکانی هەموو لایەنەکان نیشان دەدات و لەسەر کاغەز پرینتی دەکات ئینجا دەبەسترێتەوە بە ئینتەرنێت یان مانگی دەستکرد بۆ ئەوەی زانیاریەکان بنێرێت بۆ ناوەند بۆ ئەوەی دەنگە دووبارەکان بسڕێتەوە یان تۆمارنەکرایەکان لابدات و کۆبکرێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.

ئەو ئامێرە چەند پۆرتێکی هەیە کە لە ڕێیەوە دەتوانی داتایەکەی ناوی بە فلاش یان بە کێبڵ بگوازیەوە بۆ ئامێرێکی تر ئەوا لە حالەتێک کە پەیوەندیکردن بە مانگی دەستکرد ئەستەم بوو، زۆربەی دەنگەکانی دەرەوەی عێراق یان بە رێگای فلاش مێمۆری یان بە ڕیگای ئینتەرنێتی ئاسایی ناردرانەوە مەرکەزی سەرەکی.

ئەوەی ئێمە بینیمان چ بوو؟

دوای کۆتایی هاتنی دەنگدان و سکان کردنی فۆرمی دەنگدان ئەنجامەکان زۆر سەرسوڕهێنەربوون بە جۆرێک کە ناچێتە ئەقڵی هیچ کەس، هەموو دەنگەکان لەبەرژەوەندی چەند لایەنێك یەکلا کرابۆوە بەجۆرێك دەنگی هەندێك لایەن وا پەرت کرابوو کەوا لە زۆربەی بنکەکان دەنگی خوودی کاندیدەکانیش گۆڕابوون وەک ئەوەی کەسێک کاندید بێ و دەنگی بەخۆی نەدابێ.

دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی زۆرم کرد لەسەر ئەو بابەتە و ئالیەتی تەزویر و هەڵوێستی لایەنەکان بە پاڵپشت بە ئەو زانیاریانە دوای پرس و ڕا بە هەندێک پسپۆڕی بیانی شارەزا لە بواری هەڵبژاردنی ئەلیکرتۆنی گەیشتمە ئەم ئەنجامە و گریمانانەی خوارەوە:

یەکەم: ئەوەی ڕوویداوە بە هیچ جۆریك هاک کردنی سیستەمەکە نەبووە لەلایەن هاکەر یان لایەنێکی دەرەکی چونکە ئەو ئەنجامانە بەر لە ناردن و پەیوەستکردنی ئامێرەکە بە ئینتەرنێت یان مانگی دەستکرد دەرچووە.

دووەم: دەکرێ لە ڕێگای کەسی شارەزا و پسپۆڕی بواری پڕۆگرامسازی سۆرس کۆدی ئەو ئامێرانەیان گۆڕیبێت و بەو جۆرە دەستکاریان کردبێت کە لەبەرژەوەندی خۆیان بێت ئەوەش بۆ کەسی پرۆگرامەر ئاسانە بە هاوکاری کەسێکی شارەزا لە بواری ماتماتیک دەتوانێت چەند کەندیشنێک زیاد بکات بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو بەبێ ئەوەی ئەلگۆریزمی سەرەکی بگۆڕێت کەسی تایبەتمەند بەو بوارە زانیاریان زیاترە و تێیدەگەن لە مەبەستم. بەڵام لێرە شتیک هەیە ئەویش ئەوەیە کەوا هەموو کۆمپانیایەک بەرهەمەکانی خۆی تەشفیر دەکات بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستکاریان بکات تاوەکو قازانج و بەرهەمەکانیان لەدەست نەدەن.

سێیەم: دەکرێ لە ڕێگای داتای حازر و پێشوەختە و بە بەکارهێنانی ئەو یوئێس بی پۆرتانە چ لە کۆتایی یان لەسەرەتای دەنگدان خرابنە ناو ئامێرەکان ئەوەشیان بە تەنسیق لەگەڵ بەرپرسی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئامێرەکە بکرێت ئایا ئەم شێوازە قبوڵ دەکات یان نا.

چوارەم: کە ئەوەیان ئەگەرێکی بەهێزە بە بڕوای خۆم ئەویش بە پێکهاتن لەگەڵ کۆمپیانیای دروستکەری ئەو ئامێرانە بە پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەوەی ئامێرەکانی هەر ناوچەیەک و لە بەرژەوەندی لایەنێک یەکلا بکەنەوە بە تەوافوقی نێوان لایەنی تەزویرچی لەبەر ئەوەی تەزویری هەر ناوچەیەک لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو یەکلاکراوەتەوە.

ئەوانەی باسم کرد لەسەرەوە پشت ئەستوورن بەو حاڵەتانەی تۆمارکراون بۆ نموونە:

لە یەکێک لە بنکەکان ٢٥ دەنگی لایەنێکی سەر بە دەسەڵات کە هیچ کێشەی نەبوو ئامێرەکە نەیدەخوێندەوە بەبێ هۆکار!! ئەوەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە لەو شوێنە هاوکێشە بیرکاریەکەی بەکارهاتیە هاوشان نەبووە لەگەڵ دەنگەکان وەک لەم نموونەیە ڕوونی دەکەمەوە.

لە کاتی دەستکاری پرۆگرامەکە وا دانراوە کەوا زۆرترین دەنگی هەموو لایەنەکان بڕوات بۆ لیستی فڵان لە ژمارە یەک هەتا ١٠ وە ئەو دەنگانەی نەیخوێندیتەوە هەر لە لیستی خۆیانە بەڵام ئەوان دەنگیان بە کاندیدانی ژمارە ١١ بەسەرەوە دایە لەبەر ئەوە نەیخوێندیەوە، کە ئەوەیان هەڵەی ماتماتیک یان پرۆگرامینگە، کە پێدەچی بە پەلە پەل کرابێ.

لە بنکەیەکی تر، چەندین دەنگ بۆ کاندیدی ژمارە ١٢ نەوەی نوێ چووە لە کاتێکدا نەوەی نوێ لەو ناوچەیە و پارێزگایە تەنیا ١٠ کاندید یان کەمتری هەبووە.

لە هەندێک لە ڕاپۆرتەکانی ئامێرەکان بەروارەکەی جیا بووە لە بەرواری ئەو ڕۆژە چونکە ئەو ئامێرە هەر جارێک بکرێتەوەو بەکاربێت هەموو بەروارەکانی سەری تۆمار دەکرێت.

ئەوە جیا لەوەی هەندێک دەنگ بۆ کاندیدی پارێزگای تر چوون وەک ئەوەی بەسرە لە کاتێکدا ئەوان کاندیدیان نیە لەو شارە.

چارەسەر چیە؟؟

یەکەم: سەرەتا بەر لەهەموو شتێک دەبێت پێداگیری بکرێت لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو ئەنجامە،

دووەم: داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی بێ لایەن بکرێت کە لێکۆڵینەوە لە کۆمسیۆن بکات ئەویش سەرەتا دەبێت ئەوە بپرسن لە کۆمپانیا ئایا ئەو ئامێرانە داتا و زانیاری ئامادەکراو وەردەگرێت یان نا؟؟

سێیەم: داوای زانیاری و چۆنیەتی پاراستن و تەشفیرکردنی سۆفتوێرەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئاسانە کە کۆدەکانی بشکێندرێت و دەستکاری سۆرس کۆدەکەی بکرێت، واتا لایەنی سێکیوریتی دەبێ دڵنیا بکرێتەوە.

چوارەم: ئەو ئامێرانەی شک و گومانی لەسەرە بە زوترین کات ببرێنەوە کۆمپانیا و داوا لە پرۆگرامەرەکانی بکرێت لەبەرجاوی لێژنەکە بۆیان بسەلمێنن کە دەستکاری کۆدەکانی کراوە یان نا؟ ئەگەر کراوە ئەوا چۆن و کێ کردیتی؟ ئایا کۆمپانیا خۆی بەرتیلی وەرگرتیە و کردیتی؟ ئایا لایەنی تر لە ڕێگای هاکەر و پرۆگرامەری تر کردیتیان ؟ ئەو کاتە ئاشکرا دەبێت کە ئایا کۆمسیۆن خۆی ئاگادارە یان بەشدارە لەو کارە.

پێنجەم: هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و بە تایبەت ئەو ئامێرە هەستیارانە شتێکی هەیە پێی دەڵێن لۆگ، کە هەموو حەدەسێکی ئەو ئامێرە تۆمار دەکات بە پێکردن و کوژانەوەو هەموو شتێکی بە سەعات و خولەک و چرکە تەنانەت ئەگەر سۆفتوێرەکەی دەستکاری کرابێت ئەوا دیسان لەوێ نیشانی دەدات یان ئەو لۆگە زانیاری پێشووتری لەسەر نامینێت.

دەبێ ئەو لێژنەیە لەوە بپرسێ و داوای ئەو لۆگە لە کۆمپانیا بکات بۆیان دەربخات کە چ ڕوویداوە.

ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەستی باشترین کارە بۆ ئاشکراکردنی دەنگی ڕاستەقینە، بەڵام ئایا کێ زەمانەتی ئەوە دەکات کەوا سندوقەکان دەستکاری نەکراون بە تایبەت کارمەندانی کۆمسیۆن هەمووی یان زۆرینەی سەر بە لایەنی تەزویرچین بە چاودێرەوە!

ئەوەی ڕوویداوە کارێکی ئاسان و ئاسایی نیە، هەڵبەتە دەبێ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوچەکە دەستی هەواڵگری تێدا هەبێت بە تایبەتی لە وڵاتێکی وەک عێراق گۆڕانی هاوکێشەکان ئاسان نیە بە دەنگدان یەکلا بکرێتەوە لەبەر ئەوە بە بڕوای خۆم کۆمسیۆن دەستی تێدا هەیە لەسەر ئاستی باڵا بەڵام ئەوە دەبێ دوای لێکۆڵینەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

بە پێی زانیاریە ڕۆژنامەوانیەکانیش گوایە وڵاتێکی ئیقلیمی لە هەوڵ دایە کورسیەکان بە خێروسەدەقە دابەش بکاتەوە بەسەر لایەنی ناڕازی بەو شێوەی کە دەیانەوێ بۆ ئەوەی باڵانس و بەژوەندیان وەک خۆی بمینێت ئەوەش ئەگەر ڕآست بێت ئەوا دەیسەلمێنێت کە ئەو تەزویر و فێڵە هەمووی بە پلان و خیبرەی وڵاتانی ئیقلیمی داڕێژراوە.

ئەوەی باسم کردیە تەنیا شیکردنەوەیەکی شێوازی دەنگدان و ئەگەرەکان و ڕێگاکانی فێڵ کردن بووهیوادارم سوودی هەبێت و هیچ نەبێت بەرچاوڕوونی بێت بۆ ئەوانەی لەخۆیانەوە زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە بێ ئەوەی لە خوودی پڕۆسەکە گەیشتبن.

“دیدار نانەکەلی Didar Nanakaly” ە.

لینکی کۆمپانیاکە:

http://mirusystems.com/index.html

تەفاسیلی عەقدەکە لە زاری کۆمسیۆن بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز:

https://www.reuters.com/…/new-electronic-system-to-speed-up

الإعلانات

کۆمێنتێک جێبهێڵە