قەڵەوی چیە؟ هۆکار؟ چارەسەر

پێناسەی قەڵەوی ، هۆکارەکانی و ڕێی چارەسەری

د.عبداللە زەندی

قەڵەوی واتە هەبوونی ڕادەیەکی زۆر چەوریی شانەیی لە لەشدا . قەڵەوی ، پتر لە  نیگەرانییەک کە بۆ نەخۆش پێکی دێنێ ، پەیوەندیی بە جوانییەوە هەیە .

قەڵەوی ، نەخۆشییەکە کە بە زیادیی ناسروشتیی کێشی لەش پێناسە دەکرێ ، کە شوێنەواری یەکجار خراپی بە سەر مرۆڤی سروشتییەوە هەیە . بە کەسێک دەڵێن قەڵەو وا خاوەنی  BMIی لە 30 زۆرترە و لە کەسێکدا کە ئەم ژمارەیە لە نێوان 25 تا 30 دایە ، گرفتەکە ، زیادیی کێشی ناوە . ئەگەر بێتو BMI لە 35 تێپەڕ کات ، بە قەڵەوییەک کە ئیتر بۆتە نەخۆشی دەناسرێ .

قەڵەوی ، بۆ خۆی نەخۆشییەکی کوژەر نییە ، بەڵام شوێنەوارەکانی دەبنە هۆکار بۆ نەخۆشیگەلێک وەک جەڵتەی دڵ ومێشک ، کەژۆک(تصلب شرایین) و…هتد .

هۆکارەکان

قەڵەوی ، دەتوانێ هۆکارێک یان تێکەڵاوێک لە چەند هۆکاری هەبێ :

–       بڕشتی ژێنێتیکی

–       هەبوونی ڕژیمی خۆراکیی زۆر وزەدار

–       وەرزش و بزووتنی کەم

–       هەبوونی نەخۆشیگەلێک کە بۆ خۆیان دەبنە هۆی ‌قەڵەوی (وەکوو کەمکاریی لووی تیرۆیید)

–       خواردنی نەگونجاو (وەکوو زۆرخۆری)

–       گوشارە زەینییەکان

ئەوڕۆکە قەڵەوی ، وەکوو دووهەمین هۆکاری مەرگی شیاوی پێشگیری ، لە دوای جگەرە ناسراوە .گەشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژمێرکۆی تووشیارانی زیادیی کێش لە ئێراندا و گەیشتنی بە نزیکیی 17%ی ئاپۆرەی ئەو وڵاتە ، کێشەی پێویستیی سەرنج دان بە پێشگیری و چارەسەر کردنی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە ، دێنێتە ئاراوە .

لە کەسانێکدا کە ئەم زیادیی کێشە ، دەگاتە سنووری قەڵەویی زۆر ، کەم و زۆر تەنیا ڕێی چارەسەری ، برینکارییە . بەڵام ڕوونە کە بۆ گەیشتن بە ئاکامی باش و دوور بوون لە زۆر بوونەوەی دووبارەی کێش ، گۆڕانی بۆچوون و تێڕوانینەکان و شێوازی ژیان (وەکوو خواردنی گونجاو ، چالاکیی لەشیی ڕێکوپێک و…هتد) ، کارێکی پێویستە .

زیانەکانی قەڵەوی

ئەگەر چارەسەری قەڵەوی نەکرێ ، دەتوانێ ئەم زیان و بەرژەنگانەی ژێرەوە تووشی نەخۆش بکات :

–       شەکرەی جۆری دوو

–       زۆریی زەختی خوێن

–       نەخۆشییە دڵییەکان ، جەڵتەی دڵ ومێشک

–       گیروگرفت و وێستانەوەی هەناسە لە خەوندا

–       هێندێک لە شێرپەنجەکان (وەکوو مەمک ، کۆلۆن ، مناڵدان و پڕۆستات(

–       گیروگرفتە دەروونییەکان ؛ وکوو خەمۆکی ، جیا بوونەوە لە کۆمەڵگا ، هەبوونی وێنەی زەینیی خراپ و نەرێنی لە خۆ

–       زیان دیتنی جومگەکان و سوانیان

–       گیروگرفتەکانی نەزۆکی و بەرەوەری

–       نەخۆشییە هەرسەکییەکان (وەک جەرگی چەور ، ڕیفلاکس و بەردی زراو)

–       ڕانەگرتنی میز

–       کەم بوونەوەی کارامەیی و توانایییەکان

ئەو تێستانەی وا بۆ ناسینەوە ئەنجام دەدرێن

ئەگەر پزیشکی ئێوە لە سەر ئەو بڕوایە بێت کە ئێوە تووشی زیادیی کێش یان قەڵەوین، بە کورتەمێژووی پزیشکی و تەندروستیتاندا– بە هەموو وردەکارییەکەوە – دێتەوە و بڕێک ئازمایشت و تێست ڕادەسپێرێت . ئەم کارانە ، کۆمەک دەکەن کە ناسینەوەکانی پزیشک پەسند بکرێن و هەروەها هۆکارەکانی پێکهاتنی قەڵەوی و هەر جۆرە زیانێکی پێوەندیدار ، بدۆزرێنەوە . تێست و ئازمایشتە پێوەندیدارەکان ، بریتین لەم بابەتانەی ژێرەوە :

 لێکۆڵینەوەی پزیشکی و تەندروستی : بۆ چارەسەر کردنی قەڵەوی ، پزیشکی ئێوە بە وردی بەم بابەتانەی بەرامبەردا دێتەوە و لێیان دەڕوانێ : ڕادەی کێشتان لە سەرەتای ژیانەوە تا ئێستاکە ، ئەو جارانەی وا بۆ کەم کردنەوەی کێش هەوڵتان داوە ، ڕادەی چالاکیی لەشی ، خوو و خدەی وەرزشیتان ، چۆنیەتیی نان خواردن ، دەرمانە بەکارهێنراوەکان ، ڕادەی ئێسترێس و هەموو ئەو بابەتانەی وا پێوەندییان بە تەندروستیتانەوە هەیە . هەر بەم شیوەیە بەکورتەمێژووی تەندروستیی بنەماڵەتاندا دەچێتەوە ، تا لە ڕادەی نزیک بوونتان لە هێندێک هەلومەرجی  تایبەتەوە ، ئاگادار بێتەوە .

–      بەراوردی نەخۆشییەکانی تر :

ئەگەر تووشیاری هێندێک گرفتی تەندروستی بن ، پزیشکەکەتان ئەو گرفتانە دەسەنگێنێ . هەروەها بە گرفتەکانی تریشدا دێتەوە ؛ گرفتگەلێ وەک زۆریی زەختی خوێن و یان شێواوی و ناسامانی لە نان خواردندا .

–      پێوانیBMI  :

پزیشکی ئێوە ، بە مەبەستی دیاری کردنی ڕادەی قەڵەویتان ، BMIتان دەپێوێ .

–      پێوانی دەوراندەوری کەمەر :

چەورییەک کە لە دەوروپشتی کەمەردا پاشەکەوت دەبێ و ناوی چەوریی زگیی لێ دەنرێ ، مەترسیی گرتنی نەخۆشیگەلێک وەک شەکرە و نەخۆشییە دڵ و دەمارییەکان، پتر دەکات . ژنانی خاوەن دەوری کەمەری زۆرتر لە 88 سانتیمتر و پیاوانی خاوەن دەوری کەمەری زۆرتر لە 102 سانتیمتر ، بۆ گرتنی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەندییان بە قەڵەوییەوە هەیە ،  لەبەر مەترسیی زۆرتردان .

دەویان (معاینە)ی گشتیی لەش : ئەم دەویانانە ، بریتین لە : پێوانی  باڵا ، پێوانی نیشانە حەیاتییەکان ، وەک تەپەی دڵ ، زەختی خوێن ، پلەی گەرمیی لەش ، گوێ گرتن لە دەنگی دڵ و سی و دەویانی زگ .

تێستە ئازمایشگایییەکان :

ئەوەی کە پزیشک چ جۆر تێستگەلێک ڕادەسپێرێت ، بە بارودۆخی تەندروستی و هۆکارەکانی مەرترسی لە ئێوەدا کەوتووە و زۆرجاران بریتین لە : تێستی چەورییەکانی خوێن ، کارکردی جەرگ ، گلۆکۆزی ناشتا ، تیرۆیید و …هتد .

کۆکردنەوەی ئەم زانیارییانەی سەرەوە ، لە دیاری کردنی ئەو هێندە کێشەی کە دەبێ کەم ببێتەوە و دیاری کردنی بارودۆخی تەندروستی و هۆکارەکانی ئەو مەترسییانەی کە بۆتان هەیە ، یاریدەی پزیشک دەدەن .

چارەسەر

مەبەست لە چارەسەر کردنی قەڵەوی ، گەیشتن بە کێشی سالم و پاراستنی ئەو کێشە بە مەبەستی کەم بوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکان و زۆر بوونی کواڵیتیی ژیانە . ئێوە نیازتان هەیە کە لەگەڵ گرۆپێکی پیشەییی تەندروستیدا کار بکەن ؛ گرۆپێک  بریتی لە : پسپۆڕی خۆراک ، پسپۆڕی قەڵەوی و پسپۆڕیک کە بەرنامەی پارێزی خۆراکی دابین بکات .

گرۆپێک کە بۆ گۆڕانی خوو و خدەی نان خواردن و چالاکییە لەشییەکان ، یاریدەتان دەدەن . لەگەڵ ئەم گرۆپەدا ، بە کێشی سالمی خۆتان و چۆنیەتیی گەیشتن بەو ڕادەیە ، پەی دەبەن . مەبەستی سەرەتایی ، کەم بوونەوەی 5 تا 10 لە سەدی کێشی هەوەڵ لە ماوەی 6 مانگدایە . دەتوانن تەنیا بە کەم کردنەوەی 5 تا 15 لە سەدی کێشی تەواوی خۆتان ، هەست بە باشتر بوونەوەی بارودۆخی تەندروستی بکەن .

ڕەوشتەکانی چارەسەر کردنی پسپۆڕی:

بۆ چارەسەر کردنی قەڵەوی و گەیشتن بە کێشی سالم ، ڕێی زۆر هەیە . ئەوەی کە چ ڕەوشتێک بۆ چارەسەر کردن بە کار ببرێ ، پێوەندیی بە ئاستی قەڵەویی ئێوە ، بارودۆخی گشتیی تەندروستیتان و ڕادەی واز و ویستی ئێوەوە بۆ بەشداری کردن لە بەرنامەی کەم کردنەوەی کێشدا ، هەیە .

ڕەوشتەکانی چارەسەر کردن ، ئەم بابەتانەی ژێرەوەن :

–       پارێزی خۆراکی

–       وەرزش و چالاکیی لەشی

–       گۆڕینی ئاکارەکان

–       بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی وا دکتۆر نووسیونی

–       برینکاری

کەم کردنەوی کێش ، زۆر جاران بە گۆڕینی شێوازی ژیان (گۆڕینی ڕرژیمی خۆراکی و ئاکارەکان و زۆر کردنەوەی چالاکیی لەشی) ، دەشێ . لە کەسانێکدا وا کێشەی قەڵەوی زۆر مەترسیدارە ، لە پێناوی گۆڕین و چاکسازیی شێوازی ژیان ، لە دەوا و دەرمان و برینکارییش  ، وەکوو دەرمانێکی یاریدەر ، کەڵک وەردەگیرێ .

لە بەشەکانی دواییدا ، جۆرەکانی ڕەوشتی چارەسەر کردن ، بە تێر و تەسەلی باس دەکرێن .

الإعلانات

کۆمێنتێک جێبهێڵە