لابردنى زەردیی ددان
هەویری سپیکردنەوەی ددانەکان بەرێژەیەکی کەم دەتوانن یارمەتی لابردنی هەندێک پەڵە و لەکەی سەر ددانەکان بدەن وەک لەکە بەهۆی قاوە، چای و جگەرەکێشان، بەڵام هەویری ددانەکان ناتوانن رەنگی ددان بگۆڕن یاخود پەڵەی ددان کاڵ بکەنەوە کە پەڵەکە بەشێوەیەکی قووڵ چووەتە نێو پێکهاتەی ددانەوە.
ئەوەی پزیشکی ددان لە نۆڕینەگەکان بەکاریدەهینێت ماددەی سپی کردنەوەی ددانە وەک هایدرۆجین پیرۆکساید و کارباماید پیرۆکساید، کە بەرێژەیەکی دیاریکراو و لەلایەن پزیشکەوە دەبێت دیاریبکرێت. ماوەی مانەوەی ماددەکان لەسەر ددانەکان پزیشک دیاریدەکات.
لەکاتێکدا هەویری سپیکردنەوەی ددانەکان ناتوانن ددان سپیبکەنەوە و رەنگی بگۆڕن، بۆیە دەکرێت پزیشک ئەو جێڵە تایبەتانەی سپیکردنەوەی ددان بنوسێت، یاخود خۆی لە نۆرینگە بۆ نەخۆش سپیکردنەوە ئەنجامبدات.
پێکهاتەی هەویری سپی کردنەوەی چییە؟
هەویری سپیکردنەوەی ددانەکان بەگشتی وەک پێکهاتە ئەمانەیان تیدایە:
ماددەیەکی زبر کە ددانەکەی پێ پۆڵیش دەکرێت، لەبازاریش پاودەر “تۆز”ێک هەیە بە جگەرەکێشەکان دەفرۆشرێت، هەروەها لەگەڵ چەند ماددەیەکی کیمیایی دەفرۆشرێن کە پەڵەکان کاڵ دەکاتەوە لەسەر ددان، واتە رەنگ ناگۆڕیت.
زۆر گرنگە پزیشکی ددان هۆکاری رەنگگرتنی ددان، پەڵە و زەردبوونی ددان دیاریبکات کە چەند جۆرێک هۆکاری جیاوازن وەک، کلۆری ددان، بەکتریاکانی رووپۆشی ددان، کلسی ددان، لەکەی جگەرەکێشان و تەنک بوونی چینی مینای ددان…هتد
لەکاتی گەڕان بەدوای هەویری سپیکردنەوەی ددان، باشترە بۆ براندێکی باوەڕپێکراو بگەرێن و دڵنیابن لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ددان دروستناکات، هەر بۆیە باشترە لە دەرمانخانەکان پرسیار لە دەرمانساز بکرێت، یان راوێژ بە پزیشکی ددان بکرێت.
توێژینەوەکان چی دەڵێن؟
دامەزراوەی بەرگری لە بەکاربەران لە بەلجیکا لە توێژینەوەیەکدا لە کاریگەری 20 جۆر هەویری سپیکردنەوەی ددانی کۆڵیوەتەوە، تاکو بزانێت ئایا ئەم هەویرانە تاچەند سوودبەخشن و لە بوارەکەی خۆیان کاریگەرن.
گوتەبێژی دامەزراوەی بەرگری لە بەکاربەران لەو وڵاتە دەڵێت ئەوان بۆیان دەرکەوتووە 90%ی ئەو هەویرانە بۆ سپیکردنەوەی ددان سوودبەخش نین و هی ئەوە نین نرخی زیاتریان لەسەر دابندرێت.
ژولیا فرێرێ، گوتەبێژی دامەزراوەی بەرگری لە بەكاربەران دەڵێت ئەوەشیان بۆ دەركەوتووە ئەو هەویری ددانانە ماددەی رووشێنەری ددانیان تێدایە، راستە بڕێكی كەم لە ماددەی روشێنەر ئاساییە، بەڵام بەشێك لەو هەویرانە بڕی زۆری ئەو ماددەیەیان تێدابوو، كە ئەوەش بۆ مینای ددان خراپە و زیان لە ددان دەدات بەگشتی.
لەماڵەوە چۆن هەوڵی سپیکردنەوەی ددان بدەین؟
پێس هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانی، ئەو سپیکردنەوەیەی لەلای پزیشک بەدەستی دەهێنیت، هەرگیز ناتوانرێت لەماڵەوە بەدەستبهێندرێت، بەڵام چەند رێگایەک هەن بۆ ریگری کردن لە زەردبوون و کاڵکردنەوەی پەڵەکانی ددان کە ئەمانەن:
– هەویری سپیکردنەوەی ددان: وەک پۆڵیشکردن بەکاربهێندرێت و پەڵەی پێ کاڵبکرێتەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە.
– بەکارهینانی فڵچەی کارەبایی، کە ئەمە لە فڵچەی دەست دەتوانێت زیاتر کاراتربێت لە لابردنی پەڵەکان.
– شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکە بۆ شوشتنی ددانەکانت و ئەگەر پەڵەی زۆریشت هەبن ئەوا باشترە چوار مانگ جارێک بێت.
– ددان شوشتن یاخود غەرغەرە بە ئاو، دوای خواردنەوەی چایی و قاوە، هەروەها جگەرەکێشەکان بەتایبەت دەبێت گرنگی زیاتر بە شوشتنی ددان بدەن.