Advertisements
Skip to content

ئایار 17, 2018

گرفتی کەمیی ڤیتامین دی

by Kurd

#گرفتی_کەمی_ڤیتامین_D

ڤیتامین D جۆرێکە لە هۆڕمۆنە ستیرۆیدەکان و ناوی ڤیتامینی بەسەردا بڕاوە. ئەم هۆرمۆنە دوو شێوەی سەرەکی هەیە، کە ئەوانیش (D2 و D3)ە؛ ڤیتامین D2 لە قارچک و کەڕوو و سەوزەدا هەیە، هەرچی جۆری D3ـە مرۆڤ و ماسییە پڕچەورییەکان (بەتایبەت سەلمۆن) دروستی دەکەن و لە هێلکە و شیریشدا هەیە.

ڤیتامین دی ڕێژەیەکی بەرچاو لە فەرمانە گەردی و خانەییەکان ڕێکدەخات و بە ڕۆڵە کاریگەرەکەی لەسەر کارتێکەرە ماسولکەیی و ئێسکییەکان دەناسرێتەوە، لە چەوریدا دەتوێتەوە و یارمەتی مژینی ئاسن و کالسیۆم و فۆسفۆڕ و زینک لە ڕیخۆڵەوە بۆ ناو خوێن دەکات. سەرباری ڕۆڵە پڕسوودەکەی بۆ ئێسک و ماسولکە، هاوکات، ئەم ڤیتامینە سیستمی بەرگری لەش و سووڕی خوێن و زیندەپاڵ بەهێزدەکات و دژی شێرپەنجەیە و ڕێژەی مردن دادەبەزێنێت، هەروەها لە دژی ئەنفلۆنزا، نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم و تەنانەت خەمۆکیش ڕۆڵ‌دەبینێت.

مرۆڤ بەشێکی کەم لەم ڤیتامینەی لە خواردنەوە دەستدەکەوێت(کە ئاماژەی پێکراوە لەو وێنەی خوارەوە) و سەرچاوە سەرەکییەکەی لە خۆرەوەیە، هەر لەبەر ئەمەشە بە ڤیتامینی خۆرەتاو ناسراوە. کاتێک ئێمە خۆمان لەبەر خۆر هەڵدەخەین، پێستمان بەشێوەیەکی سروشتی ماددەی 7-dehydrocholestrol بۆ D3 دەگۆڕێت، کە ئەمیش وەک D2 ناچالاکە و پاشان لە جگەردا بۆ 25(OH)D دەگۆڕێت و دواتر لە گورچیلەدا بەتەواوی چالاکدەکرێت (1,25-(OH)2D3).

کەمی ڤیتامین دی (Hypovitaminosis D یاخود Vitamin D Deficiency) گرفتێکی جیهانییە و کاریگەری لەسەر نزیکەی ٥٠ %ـی دانیشتوانی سەر زەوی هەیە، ژمارەی ئەوانەی بەدەست کەمی ئەم ڤیتامینەوە دەناڵێنن بە ١ بلیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا خەمڵێنراوە. هەڵبەت، عێراق یەکێکە لەو بیست وڵاتانەی لە ڕیزبەندی پلەی یەکەم دان و هاوکات ڕەگەزی مێینە بەگشتی و باڵاپۆشەکان بەتایبەت، بەهۆی پشتگوێخستنی خۆخستنەبەرخۆر، پشکی شێریان بەرکەوتووە.

کەمی ئەم ڤتامینە دەبێتە هۆی ئێسکە نەرمە لە منداڵدا، لە پێگەیشتووەکانیشدا دەبێتە هۆی لاوازیی ماسولکە و پوکانەوە و شکانی ئێسک و ئارەقکردن و ماندوبونی خێرا و تێکچونی ھۆرمۆنەکان و لاوازبونی سیستمی بەرگری لەش و قەڵەوبوون و بەرزبوونی پەستانی خوێن، درێژەکێشانیشی دەبێتە هۆی ئازاری درێژخایەن لە پەلەکاندا.

لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠٠٧ ئەوەی دەرخستووە، کە پێدانی ڤیتامین دی بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوانێت ڕێژەی مردن کەمبکاتەوە.

ڤیتامین D تاکە ڤیتامینە کە سەرچاوەی سەرەکی لە پێست‌ خستنە بەرخۆرەوەیە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، کە بۆ دروستبوونی ئەم ڤیتامینە پێویستە بەبێ بەکارهێنانی دژەخۆر، پێست ڕاستەوخۆ بەر خۆربکەوێت و هەروەها لەپشتی شوشە و پلاستیکی ڕوون یاخود قوماشەوە نەبێت، چونکە ئەم بەربەست ڕوونانە ڕێگری لە تێپەربوونی تیشکی سەروو وەنەوشەیی جۆری B دەکەن و پێستمان ناتوانێت هەڵی بمژێت، کە یەکێکە لە تیشکە پێکهێنەرەکانی ڕووناکی خۆر و بۆ دروستبوونی ڤیتامینەکە پێویستە. کەچی ڕێ بە جۆری A دەدەن، کە هیچ ڕۆڵێک لە دروستکردنی ڤیتامینەکەدا نابینێت و هاوکاتیش دەبێتە هۆی سوتانی پێست (تاوەسوت) و تەنانەت لەوانەیە شێرپێنجەی پێستیش.

ئەگەرچی سەرچاوەی سەرەکیی دەستخستنی ئەم ڤیتامینە خۆخستنەبەرخۆرە، بەڵام بیرمان بێت کەوا زیادەڕەویی تێدا نەکەین، چونکە زیانی زۆرە و ڕەنگە شێرپەنجەی پێستی لێبکەوێتەوە. مەودای کاتەکەش بەپێی کاڵ و تۆخیی پێست دەگۆڕێت، ڕەنگە بۆ کەسێکی ڕەنگکاڵ لە ناوچەی هێڵی کەمەرەی زەویدا ڕۆژانە ١٠ خولەکی بەسبێت، بەڵام بۆ کەسێکی ڕەنگتۆخ نزیکەی ٢٠ خولەک پێویستە. بەگشتی بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامینی پێویست ئەوەندە بەسە، کە ڕۆژانە قۆڵمان (تا ئانیشک) و قاچیشمان (تا ئەژنۆ) و ھەنێک جار سک بەئەندازەی نیوە بخەینەبەرهەتاو.

دیاریکردنی ڕیژەی ئەم ڤیتامینە لەڕێی پێوانی رێژەی 25(OH)D ـەوە دەکرێت، کە جۆری هایدرۆکسینراوە لە جگەردا و ڕێژەی ئاسایی (٢٠ (بەپێی هەندێ سەرچاوە ٤٠)-١٠٠ نانۆگرام/مللیلیتر)ـە، ١٠-٣٠ نگم/مل کەمە و لە خوار ١٠ نگم/مل بە کەمڤیتامینیی قورس دادەنرێت و پێویست بە وەرگرتنی چارەسەردەکات (دەرزی یاخود حەپ). گەر لە ١٠٠ نگم/مل یش تێپەڕی کرد، ئەوا بە ژەهراویبوون هەژماردەکرێت.

سەرچاوەکان:

Natural solutions magazine 2018, Bassil D., Rahme M., Hoteit M. and Fuleihan E. G., (2013), Hypovitaminosis D in the Middle East and North Africa, Dermatoendocrinol. 2013 Apr 1; 5(2): 274–298.

Nair R. and Maseeh A., (2012), Vitamin D: The “sunshine” vitamin, J Pharmacol Pharmacother, Apr-Jun; 3(2): 118–126.

Roesel T., (2008), Vitamin D deficiency in Iraq and Afghanistan veterans with chronic musculoskeletal pain, J Occup Environ Med, Jun;50(6):613-4. doi: 10.1097/JOM.0b013e31817a834b.

——

ئامادەکردنی: Ayad M.

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: