Advertisements
Skip to content

ئایار 19, 2018

مەسعود بارزانی: با لە بەغدا یەکڕیزبین .پێش ڕیفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش هەروامان وتوە

by Kurd

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکیدا دەڵێت “ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە، هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا“.

مەسعود بارزانی لەو پەیامەیدا دەڵێت، ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە، مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن، پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت“.

دەشڵێت “ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێك، هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو واقعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە كۆتایی بێت“.

سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، سەرۆکی پارتی دەڵێت، “لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە، بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات.

داواشی لە لایەنەکان کردووە پێکەوە کار بکەن و ڕایگەیاندووە “هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن“.

ک.ع

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: