Advertisements
Skip to content

حوزه‌یران 16, 2018

2

سایتی نیقاشیش بەبەڵگەوە دزەکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ و ١٢ ی بڵاوکردەوە

by Kurd

دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە هەر نکۆڵی دەکرد لەسەر دزەکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کیمیای پۆلی ١٢ ی ئامادەیی و ئنگلیزی پۆلی ٩ ی بنەڕەت و پەیجەکانی سەر بەوەزارەت و ئەوانەشی بە شان و باڵی وەزارەتدا هەڵدەدەن بێ دەنگ و خۆیان کوێرکردبوو ، ئەوا دوای پەیجی زانکۆلاین ماڵپەری نیقاشیش هەمان بەڵگەکانی بڵاوکردۆتەوەو راپۆرتێکی تێرو تەسەلی لەسەر دزەکردنی تاقیکردنەوەکان بڵاوکردۆتەوە یەمە دەقەکەیەتی

به‌پێی‌ به‌دواداچونێكی‌ بنكۆڵكاری‌ “نیقاش” به‌شێك له‌پرسیاره‌كان‌و وه‌ڵامه‌كانیان چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌رێگه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستاوده‌ستیان كردووه‌‌و خوێندكاران بینیویانن.

مه‌ریه‌م عوسمان ته‌مه‌ن 18 ساڵ خوێندكاری‌ پۆلی‌ دوازده‌ی‌ ئاماده‌یی له‌ماڵه‌وه‌ سه‌ری‌ به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌یدا گرتبوو سه‌رقاڵی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و وانه‌یه‌ كه‌ بۆ رۆژی‌ دواتر تاقیكردنه‌وه‌ی‌ تێدا ده‌كرد، كاتێك ده‌نگۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ به‌شێك له‌تاقیكردنه‌وه‌ی‌ وانه‌كانی‌ پێشوی‌ بیست كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرابوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گوێی‌ پێ نه‌ده‌دا.

مه‌ریه‌م به‌”نیقاش”ی وت “سه‌یری‌ ئه‌و وه‌ڵامانه‌م نه‌كردو هه‌وڵی‌ به‌ده‌ست هێنانیشم نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ توشی‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ نه‌بم”.

جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆششی مریه‌م جیاواز تر بوو بۆ به‌شێك له‌خوێندكارانی‌ تر كه‌ چاوێكیان له‌سه‌ر كتێبه‌كانیان‌و چاوه‌كه‌ی‌ تریشیان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو له‌ئامێری‌ مۆبایله‌كانیاندا كه‌ هه‌ندێكجار چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان  پرسیاره‌ “نهێنیه‌كانی‌” ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌یان تیایدا بڵاوده‌كرایه‌وه‌.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر په‌یجی‌ فه‌یسبووكی‌ “نیقاش” هه‌ندێ‌ له‌و هه‌واڵانه‌ ساغكرانه‌وه‌ كه‌ باسیان له‌دزه‌ پێكردنی‌ پرسیاره‌كان ده‌ركردو ئه‌وكات “نیقاش” توانی‌ راستی‌ ئه‌وه‌ ده‌ربخات كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ كۆن بوون‌و په‌یوه‌ندییان به‌تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام چه‌ند وێنه‌و زانیارییه‌كی‌ دیكه‌ هه‌بوون كه‌ ساغنه‌كرانه‌وه‌و جێی‌ گومان بوون.

له‌ 27ی‌ ئایاره‌وه‌ 230 هه‌زار خوێندكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پۆلی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌‌و دوانزه‌ی‌ ئاماده‌یی ده‌ستیان به‌تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كۆتایی ساڵ كرد، نمره‌كانی‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ ئاینده‌یان دیاریده‌كات.

له‌سه‌عات هه‌شت‌و سی خوله‌كی‌ به‌یانیه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ستیپێده‌كردو له‌گه‌ڵیشیدا تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێت له‌سه‌رانسه‌ری‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند سه‌عاتێك له‌كار ده‌خران بۆ رێگریی‌ له‌ئاڵوگۆڕی‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كان له‌نێوان خوێندكارانی‌ ناو هۆڵه‌كانی‌ تاقیكردنه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌یدا.

 له‌سه‌ر زه‌رفی‌ هه‌ڵگرتنی‌ پرسیاری‌ تاقیكردنه‌وه‌كان نوسراوه‌ “زۆر نهێنی‌”، به‌ڵام پێده‌چێت به‌كارهێنانی‌ ئه‌و وشه‌یه‌ بۆ ته‌واوی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ راست نه‌بێت.

(ب، خ) ناوی‌ ئه‌كاونتی‌ مامۆستایه‌كه‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك، دوو كاتژمێر دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ وانه‌ی‌ ئینگلیزی‌ پۆلی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ 6ی‌ حوزه‌یران له‌پۆستێكدا نوسیوێتی‌ “خۆش تاقیكردنه‌وه‌!! به‌داخه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ پۆلی‌ نۆیه‌می‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ وه‌ڵامه‌كان دوو سه‌عات‌و نیو پێش ده‌ستپێكردنی‌ تاقیكردنه‌وه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌”

 له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێری‌ “نیقاش”ه‌وه‌ وێنه‌گیرا خاوه‌نی‌ ئه‌كاونته‌كه‌ پۆسته‌كه‌ی‌ سڕییه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ توشی‌ لێپێچینه‌وه‌و سزا نه‌بێت له‌سه‌ر پرسێكی‌ هه‌ستیار كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌هه‌رێم مشتومڕی‌ له‌سه‌ره‌.

تێكۆشه‌ر حسێن مامۆستایه‌كی‌ تری‌ قه‌زای‌ چۆمانی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێره‌، ئه‌ویش له‌ 6ی‌ حوزه‌یراندا پۆستێكی‌ ناڕه‌زایی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئاشكرابونی‌ پرسیاره‌كانه‌وه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌پۆسته‌كه‌یدا نوسیووی‌ “به‌داخه‌وه‌ رۆژانه‌ پرسیاره‌كان ئاشكرا ده‌بن‌و به‌ئاسانی‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌ست خوێندكاران”.

تێكۆشه‌ر حسێن كه‌ خۆی‌ چاودێری‌ یه‌كێك له‌هۆڵه‌كانی‌ تاقیكردنه‌وه‌ بووه‌ بۆ “نیقاش” به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتی‌ “مامۆستایان‌و چاودێرو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هۆڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان دواین كه‌سن كه‌ پرسیاره‌كانیان به‌ده‌ست ده‌گات”.

وتیشی‌ “له‌په‌نجه‌ره‌ی‌ هۆڵی‌ تاقكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك خوێندكارم له‌ده‌ره‌وه‌ بینی‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانیان پیشانی‌ چه‌ند سه‌رپه‌رشتیارێكی‌ په‌روه‌رده‌یی ده‌داو پێیان ڕاگه‌یاندوون كه‌ پێش تاقیكردنه‌وه‌كه‌  پرسیاره‌كانی‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌”.

له‌سه‌ره‌تای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ده‌نگۆی‌ دزه‌كردنی‌ پرسیارو وه‌ڵامی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌رێگه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ په‌یامنێری‌ “نیقاش” خۆی‌ كرده‌ هاوڕێی‌ زۆرێك له‌په‌یجی‌ ئه‌و تۆڕانه‌ی‌ كه‌ گومانیان لێده‌كرا ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

ئه‌و كاره‌ پێویستی‌ به‌ شه‌ونخونی‌ بوو، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و پرسیارو وه‌ڵامانه‌ی‌ بڵاوده‌كرانه‌وه‌ چه‌ند سه‌عاتێك پێش تاقیكردنه‌وه‌كان بوو كه‌ ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوبێت كه‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ فریای‌ گۆڕینی‌ پرسیاره‌كان نه‌كه‌وێت.

له‌و ماوه‌یه‌دا په‌یامنێری‌ “نیقاش” بینی‌ كه‌ پرسیاری‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ وانه‌كانی‌ كیمیای‌ دوانزه‌ی‌ زانستی‌ له‌پێنجی‌ حوزه‌یران‌و وانه‌ی‌ ئینگلیزی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌شه‌شی‌ حوزه‌یراندا دوو بۆ سێ‌ سه‌عات پێش كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌دوو په‌یجی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئینستاگرام به‌شێوه‌ی‌ ده‌ستنوس بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا هێشتا هێڵه‌كانی‌ ئینته‌رنێت نه‌وه‌ستێنرابوون.

 له‌رێگه‌ی‌ سكرینكردنی‌ كۆپی‌ پرسیاره‌كانی‌ ئه‌و په‌یجانه‌و به‌راوردكردنی‌ به‌كاتی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان، “نیقاش” زانیاری‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پرسیارو وه‌ڵامی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌پاش به‌راوردكردنی‌ به‌و پرسیارو وه‌ڵامانه‌ی‌ كه‌ له‌پاش ئه‌نجامدانی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌هه‌ردووكیان هاوتا بوون.

یه‌كێك له‌و لینكانه‌ی‌ په‌یجێكی‌ ئینستاگرام كه‌ له‌ 6ی‌ حوزه‌یرانداو سێ سه‌عات پێش ئه‌نجامدانی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ وانه‌ی‌ ئینگلیزی‌ پۆلی‌ 9ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ پرسیاره‌كانی‌ له‌رێگه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

پرسیارو وه‌ڵامی‌ به‌شێك له‌تاقیكردنه‌وه‌كان له‌رێگه‌ی‌ ئه‌كاونتی‌ كه‌سی ئه‌و خوێندكارانه‌وه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئاڵوگۆڕو مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌كراوه‌ كه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌.

هه‌ستیاری‌ پرسه‌كه‌ وایكرد كه‌ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ له‌و په‌یجانه‌ی‌ تۆڕه‌كانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ قورس بێت كه‌ پرسیارو وه‌ڵامی‌ تاقكردنه‌وه‌كانیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌پاش ناردنی‌ چه‌ندین نامه‌و گه‌ره‌نتیكردنی‌ ناو نه‌هێنانی‌ په‌یجه‌كه‌یان بۆ دواجار ئه‌دمینی‌ یه‌كێك له‌په‌یجه‌كان وه‌ڵامی‌ داینه‌وه‌.

ئه‌و ئه‌دمینه‌ له‌رێگه‌ی‌ نامه‌وه‌ باسی له‌چۆنێتی‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ پرسیاره‌كانی‌ بۆ “نیقاش” كردو وتی‌ “په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هه‌یه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی‌ نامه‌ی‌ ڤایبه‌ره‌وه‌ پرسیاره‌كانی‌ بۆ ناردوین له‌به‌رانبه‌ر پێدانی‌ بڕی‌ 100 دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ یان ره‌وانه‌كردنی‌ باڵانسی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پرسیاره‌كانمان ده‌ستكه‌وتووه‌و ئێمه‌ش  بڵاومانكردووه‌ته‌وه‌”.

 له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ پرسیاره‌كانیش ئه‌و ئه‌دمینه‌ ته‌نیا وتی‌ “ئیتر ئێره‌ كوردستانه‌و هه‌موو شتێك رووده‌دات”. بێ ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ زیاتر بدركێنێت.

 ره‌نگه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ به‌هێزكردنی‌ ریچ‌و لایكی‌ په‌یجه‌كان بوبێت به‌وپێیه‌ك یه‌كێك له‌په‌یجه‌كانی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئینستاگرام كه‌ پرسیارو وه‌ڵامه‌كانی‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك لایكی‌ په‌یجه‌كه‌ی‌ نه‌كردبێت یان نه‌ببوبێته‌ هاوڕێی‌ نه‌یتوانیوه‌ پۆسته‌كانیان ببینیت.

عه‌لی‌ ره‌سوڵ ناوی‌ خوازراوی‌ خوێندكارێكی‌ پۆلی‌ 9ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بدات پرسیاره‌كانی‌ بیركاری‌‌و ئینگلیزی‌ به‌ماسه‌نجه‌ری‌ فه‌یسبوك له‌رێگه‌ی‌ مامۆستایه‌كه‌وه‌ پێ گه‌یشتووه‌.

 ئه‌و به‌”نیقاش”ی‌ وت “ئه‌و كاره‌ی‌ مامۆستاكه‌م بۆ من‌و بۆ به‌شێك له‌خوێندكاره‌كانی‌ تر بوو تا له‌وانه‌كه‌یدا نمره‌ی‌ باش به‌ده‌ستبهێنین”.

 سه‌عات شه‌شی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ یه‌كێك له‌رۆژه‌كانی‌ تاقیكردنه‌وه‌ وه‌ك مه‌ریوان خوێندكاری‌ پۆلی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی باسی ده‌كات پرسیاری‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ پێگه‌یشتووه‌ له‌رێگه‌ی‌ گروپێكی‌ فه‌یسبوك بۆ ئاڵوگۆڕی‌ زانیاری‌.

مه‌ریوان كه‌ ناوێكی‌ خوازراوه‌ به‌”نیقاش”ی وت “به‌گرنگییه‌وه‌ سه‌یری‌ پرسیاره‌كانم نه‌كرد، چونكه‌ وامزانی بۆ سه‌ر لێشێواندن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا بایی 96 نمره‌م له‌و پرسیارانه‌ بینی‌ كه‌ بڵاوكرابوونه‌وه‌”.

به‌پێی‌ رێشوێنه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ سێ‌ بۆ چوار كاتژمێر پێش ده‌ستپێكی‌ كاتی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان نوێنه‌ری‌ هه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ پارێزگاكان پرسیاری‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌نامه‌یه‌كی‌ داخراوی‌ مۆركراودا وه‌رده‌گرێت دواتر له‌ڕێگه‌ی‌ دوو سه‌رپه‌رشتیاری‌ په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ سه‌عات هه‌شت‌و سی خوله‌ك ده‌گه‌یه‌ندرێنه‌ هۆڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان.

 به‌به‌راوردكردنی‌ كاتی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كان كه‌ چه‌ند سه‌عاتێكی‌ كه‌م پێش ئه‌نجامدانی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان بووه‌ تا ئێره‌ گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كاندا له‌په‌روه‌رده‌كانه‌وه‌ بۆ هۆڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان دزه‌یان پێكرابێت، به‌ڵام ده‌بێت گریمانه‌ی‌ ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ له‌و كاته‌دا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ گومان بێت له‌دزه‌ پێكه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ پێشوه‌ختی‌  پرسیاره‌كانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ رۆژی‌ تاقكردنه‌وه‌كان پرسیاره‌كان له‌ په‌روه‌رده‌كانه‌وه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ دزه‌ پێكردنی‌ پرسیاری‌ تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌رێمی‌ كوردستان بهه‌ژێنێت پێشتر له‌ساڵی‌ 1994 دا به‌هۆی‌ دزه‌پێكردنی‌ پرسیاره‌كانه‌وه‌ سه‌رجه‌م تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ شه‌شی‌ ئاماده‌یی ئه‌و كاته‌ له‌هه‌رێمی‌  كوردستان ئه‌نجامدرانه‌وه‌.

دووساڵ له‌مه‌وبه‌ریش وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ 77 كه‌سی له‌به‌ڕێوه‌به‌رو جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستاو خوێندكار به‌تۆمه‌تی‌ ئاشكرابوون‌و دزه‌پێكردنی‌ پرسیار له‌پارێزگای‌ هه‌ولێرو هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان‌و راپه‌ڕینی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌كاره‌كانیان دورخسته‌وه‌و ده‌ستگیركرد، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ تاقیكرده‌وه‌كان دووباره‌ بكرێنه‌وه‌.

ماوه‌یه‌دا كه‌ ده‌نگۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كان هه‌بوو پێش تاقیكردنه‌وه‌كان وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ له‌و چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ دزه‌یا پێكرابێت.

كه‌ریم دزه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئه‌زمونه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ “نیقاش” وتی‌: “هیچ پرسیارێك پێشوه‌خته‌ دزه‌ی‌ نه‌كردووه‌و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌ی‌ كه‌ خوێندكاران له‌ناو هۆڵه‌كانی‌ تاقیكردنه‌وه‌دان له‌وانه‌یه‌ وێنه‌ی‌ پرسیاره‌كان له‌لایه‌ن مامۆستایه‌ك كه‌ هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی‌ ناكات بگیرێت‌و بڵاوبكرێته‌وه‌”.

به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ویری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌نێوان په‌روه‌رده‌و په‌رله‌ماندا ئاو زۆر بكێشێت كه‌ پێشبینیده‌كرێت گێمێكی‌ تری‌ گه‌مه‌ی‌ بگره‌و به‌رده‌ دروست بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ په‌یوه‌ندیداری‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت به‌ڵگه‌یان ده‌ست كه‌وتووه‌ له‌سه‌ر دزه‌ پێكردنی‌ پرسیاره‌كان.

شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵای‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌”نیقاش”ی وت “بێ ئاگا نه‌بوین له‌ئاشكرا بوون‌و ده‌زه‌كردنی‌ به‌شێك له‌ پرسیاره‌كان، به‌ڵام له‌به‌ر پاراستنی‌ ده‌رونی‌ خوێندكاران قسه‌مان بۆ راگه‌یاندنه‌كان نه‌كرد، هه‌موو به‌ڵگه‌كانی ئاشكرابوونی‌ پرسیاره‌كانمان راده‌ستی‌ وه‌زاره‌ت كردووه‌و به‌زوترین كات له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌و ستافی‌ ئه‌زمونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆده‌بینه‌وه‌”.

له‌دوای‌ یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و په‌رله‌ماندا تۆپی‌ كێشه‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش چاوه‌ڕێی‌ به‌ڵگه‌ ده‌كات.

دڵشاد فائیز وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هه‌رێم به‌ “نیقاش”ی‌ وت “هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی‌ دروستمان له‌سه‌ر ئاشكرابوونی‌ پرسیاری‌ تاقیكرده‌وه‌كان به‌ده‌ست بگات لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌كان دڵنیاكه‌ره‌وه‌ش بن ئه‌سته‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ دزه‌یان به‌پرسیاره‌كان كردووه‌ سزا ده‌درێن”.

لینکی هەواڵی ماڵپەری نیقاش

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: