Advertisements
Skip to content

ته‌مموز 18, 2018

چیرۆکه‌ خوێناوییه‌کانی سجنی ڕایات

by Kurd

چیرۆکه‌ خوێناوییه‌کانی سجنی ڕایات
ئه‌و زیندانه‌ی مه‌لا مسته‌فا و پاشان کوڕه‌کانی سه‌دان ئازادیخوازانیان تێدا له‌سێداره‌دا
سه‌لاح خدر
زیندانی ڕایات ده‌که‌وێته‌ گوندی ڕایاتی سه‌ربه‌ شاره‌دێی حاجی هۆمه‌رانی چۆمان، بنکەیەکی پۆلیسی کۆن بوو، چۆن دوای ڕاپەڕین و کاتی شەڕی ناوخۆ پارتی قەڵا گەورەکەی ئاکرێی کردە زیندانی ئازادیخوازانی کورد، ئەوساش مه‌لا مسته‌فای بارزانی ئەو بنکەیەیان کردبوو بە زیندانی ئازادیخواز و بیره‌ جیاوازه‌کان.
سه‌رده‌مێک سەعید مەسیفی بەرپرسی زیندانی رایات بوو، ئه‌و گرتوخانه‌یه‌ چوار ژووری هەبوو، ژووری ژمارە یەک لە سێ ژوورەکەی تر گەورەتربوو.
هەروەها چەند ژوورێکی تایبەتیش هەبوون، کە بە ئینفرادیی (تاکه‌که‌سی) ناسراوبوون، ئەو کەسانەیان دەخستە ئەو ژوورانەوە، کە به‌فەرمانی مەلا مستەفا و کوڕەکانی گیرابوون، یان تۆمەتی گەورەیان خستبوونە پاڵیان، ژوورێک تایبه‌ت به‌ ئەشکەنجە هه‌بوو.
ژووری زیندانییەکان نزیکەی ١٤ بۆ ١٥ کەسی تێدا بوو، لەگەڵ ڕیزێک ئاودەستی چڵکن و پیس، دیوارێکی بڵندیشیان بە قوڕ و بەرد هەڵچنیبوو، پێشمەرگەکان لەوێ بەتفەنگەوە ئێشکیان دەگرت.
مام جوامێر یه‌کێک له‌ گیراوه‌کانی ئه‌وکاتی زیندانه‌که‌ له‌سه‌ر جه‌لالی و مه‌لای بوون، وه‌ها به‌سه‌رهاته‌کانی ناو زیندان ده‌گێڕێته‌وه‌ “لە ڕایات کەسێک هه‌بوو بەناوی سدیق کە خەڵکی دەشتی هەولێر بوو جەلادێکی شەلاتی بوو، هەرکەس بهاتایە بە کێبڵ تا لەهۆش ده‌که‌وت لێی دەدا، منیش هەروا پاش چەند دەژمێرێک بانگیان کردم.
سدیق گوتی لەسەر دەم بکەوە، توڕەبوو جوێنی زۆر قێزەونی دا، منیش ووتم: خۆمن بەعسی نیم، ئه‌و گوتی جەلالی و بەعسی فەرقیان نییە، بەعسی لە ئێوە باشترن.
هەر ئەو رۆژە، کە کەوتمە بەدەستی ئەو جەلادە هێندەی لێدام هەموو گیانمی کردە خەڵتانی خوێن و برین، لەهۆش خۆم چووم، کاتێک هۆشم هاتەوە لەناو قەرەباڵغییەکی پڕوکێندا بووم لە ژوورێکی تاریک و بێ ئۆکسجین.
من فڕێ درامە ناو ژووی ژمارە چوارەوە، کە ژوورەکە (شەش بە چوار) مەترێک دەبوو، دەرگایەکی تەختەی ئەستوری هەبوو، کونێکی تێدابوو، ژوورەکەی ئێمە نزیکەی ١١٠زیندانی تێدابوو، ڕاستیی بڵێم هەرکەسەمان یەک کاشی بەردەکەوت، کە پشووی تێدا بدات. بۆیە لات سەیر نەبێت، ئەم بێ ویژدانانە وایان لێکردبووین جێگا نەبوو، وەکو فەردە بەسەر یەکدا کەوتبوین، لەسەر یەکتر دەخەوتین.
هەمووشەوێک زیاتر لە ٥٠کەس لەهۆش خۆی دەچوو، کە بەیانیان دەرگایان دەکردەوە نیوەمەیتیان بەزۆر دەردەکرد، بیرمە لە ژووری ئێمە کوڕێکی خەڵکی خانەقینی مرد، چونکه‌ نەخۆش بوو، کێشەی هەناسەدانی هەبوو، زۆریان لێدابوو.
تەنیا یەک ژەم خۆراکمان پێ دەدرا، سبەینایش زوو دەیانکردینە دەرەوە بۆسەر ئاو، هێندە بێڕەوشت بوون هەرچوار ژوورەکەیان بە یەکەوە دەکردە دەرەوە بۆ سەرئاو، زۆربەمان فریای هیچ نەدەکەوتین، تا ئاوێک بکەین بەدەم و چاومانا، من ماوەی ١١مانگ خۆم نەشت، جل و بەرگم نەگۆڕی و ڕێگەشیان نەدا کەس و کارم ببینم، بەدرێژایی ئەو ماوەیە هیچ میوە و سەوزە و گۆشتم بەرچاو نەکەوت.
تەنیا یەک جار پزیشک هات، ئەویش ئەوەندەیان لێدابووم، پشتم زۆر برینداربوو، کێم و خوێنی لیدەهاتە دەرێ، کاتێک دکتۆرەکە سەیری کرد، گووتی: هیچ نییە خۆی چاک دەبێت.
عەبدولڕەحمان، خەڵکی قەڵادزێ بوو، شیوعی و سەر بە لیژنەی مەرکەزیی بوو، لە ژێر ئەشکەداندا کوشتیان، یادی بەخێر، ئەوان کاتێک ئەشکەنجەی زیندانییەکانیان دەدا ئێمەشیان دەبرد بۆ سەیر کردنی، بۆ ئەوەی ورە بەربدەین.
هەموو سەری مانگێک کە برینەکانی لەشم خەریکی ساڕێژ بوون دەبوون، دەیانبردمەوە بۆ لێدان و ئەشکەنجەیان دەدام، بێ ئەوەی پرسیارێکم لێبکەن.
پێشمەرگەیەک هەبوو گیرابوو لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا هێنابویان بۆ لای ئێمە، ئەو پیاوە مەردە ناوی “ئەنوەر” بوو لەگەڵ هاوڕێکەی ناوی “سنجار” بوو، لەبەر ئەوە گیرابوون، کەوا دەبینن یەک دوو بارزانی دەستدرێژی و لاقەی کچێک دەکەن، ئەمانیش نایکەنە نامەردی دەیانگرن هێندەیان لێدەدەن، دوایش چووک (زەکەری) هەردوو بارزانییەکە دەبڕن و بەریان دەدەن، هەر دوو بارزانییەکە دەچنە لای مەلامستەفا شکات دەکەن، مەلا مستەفاش فەرمان دەدات، ئەم دوو کوڕە دەگرن و هەردووکیان دەنێرن بۆ ڕایات، ئەنوەر لە ژێر ئەشکەنجه‌دا گیانی سپارد، کوڕێکی زۆر بەجەرگ بوو، لە ژێر ئازار و لێداندا هاواری دەکرد و پێی دەگوتن: شەرم ناکەن لە سەر ئەو بێناموسانە وامان لێدەکەن؟ ئێمە شۆڕشمان کرد تا تاوان بکەین و تەعدا لە ناموسی خەڵک بکەین؟ ئەو پیاوە کە دەتگوت شێرە له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا شەهید بوو.

36678002_224274731734528_4172365740843728896_n36656140_224274641734537_5793138239162286080_n36635940_224274635067871_3751074258499928064_n36693000_224274581734543_379065154890891264_n

Screen Shot 2018-07-05 at 10.27.09 PM.png

Advertisements
Read more from هەواڵ

کؤمینتت چیە؟

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: