حکومەت عيراق:بەتوندی ئیدانەی ھێرشی سەربازانی تورک دەکەین بۆسەر ھاولاتیانی شیلادزێ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی تەقەكردنی هێزە سەربازیەكانی توركیا دەكات دژی هاوڵاتیانی سڤیلی ناحیەی شیلادزێ-ی پارێزگای دهۆك. 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند, باڵیۆزی توركیا لەعێراق بانگهێشت دەكەن و نیگەرانیی حكومەتی عێراقی پێ رادەگەیەنن و داوا دەكەن ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

هاوكات نیگەرانیی پیشانداوە لەكوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچەكە بە تەقەی سەربازانی توركیا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رووداوەكەی بەپێشێلكردنی ئاسایش و سەروەریی عێراق وەسفكردوە.

دوێنێ هاوڵاتیانی شیلادزێی سەر بەپارێزگای دهۆك خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی بەردەوامیی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكەیان و كوژرانی خەڵكی سڤیل.

بەشێك لەخۆپیشاندەران چونە سەر سەربازگەیەكی سوپای توركیا لەناوچەكە. بەو هۆیەوە گژری و ئاڵۆزیی دروستبوو. بەتەقەی سەربازانی توركیا مێردمنداڵێك كوژراو و زیاتر لە 10 كەسیش برینداربون.

Advertisements

comments?