حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌ی مانگی ١ و ٢ و ٣ ی فه‌رمانبه‌رانی لوشدا

رێبوار كەریم وەلی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غداد ده‌ینێرێت بۆ هه‌رێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم نه‌ك به‌شی موچه‌ به‌ڵكو به‌شی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وته‌كانیش بەزیادەوە ده‌كات. جەختیش دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم پاره‌ی موچه‌ی مانگەكانی (3,2,1)ی له‌بابه‌تی تردا خه‌رج كردوه.

ئاوێنە: رێبوار كەریم وەلی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە رایگەیاند”پاش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ موچه‌ی مانگه‌كانی(2،1 هه‌روه‌ها 3) نێردراوه‌ بۆ هه‌رێم به‌ڵام ئێستا هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی یه‌كه‌، كه‌واته‌ كوا موچه‌ی مانگه‌كانی یه‌ك و دو؟ بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و جۆره‌ نییه‌ ته‌نها به‌شه‌ بودجه‌ی مانگی چوار گەیشتبێت‌، له‌كاتێكدا هه‌رێم هێشتا موچه‌ی مانگی یه‌كی نه‌داوه‌، نه‌خێر ئه‌وه‌ هه‌رێمه‌ پاره‌ی موچه‌ی مانگی (3,2,1، )ی له‌بابه‌تی تردا خه‌رج كردوه‌و‌ ئێمه‌ ئێستا سه‌رقاڵی به‌دواداچونین بۆ ئه‌و پاره‌یه.”

سەبارەت بەوەی ئەو پارەیە لەچیدا خەرج كراوە، ئەو پەرلەمانتارە وتی”ئه‌وه‌ی بیستومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ دراوه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێی دڵنیاین ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ هاتوه‌ له‌شتی تردا خه‌رج كراوه‌،‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵین تا دڵنیابینه‌وه‌ له‌چیدا خه‌رج كراوه‌؟ ئه‌وه‌ش قبوڵ ناكه‌ین جارێكی تر یاری به‌چاره‌نوسی موچه‌ی میلله‌ته‌وه‌ بكرێت، ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ دێت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ قابیلی هیچ ده‌ستكارییه‌ك نییه‌ ناكرێت ئێمه‌ لێی بێده‌نگ بین و‌ بێده‌نگیش نابین .”

سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە، رێبوار كەریم وتی”له‌ ئێستادا هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عیراقی نازانین.” جەختیشی كردەوە”ئه‌و پاره‌یه‌ پاره‌ی موچه‌ی خه‌ڵكه‌ پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تر هه‌ڵوێستی هه‌بێت یا قبوڵی نه‌كات بێگومان ئێمه‌ لێره‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانین و ئێمه‌ قبوڵی ناكه‌ین.”

وتیشی”ئێمه‌ ته‌ئكیدمان كردۆته‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تی دارایی عیراقی ئه‌وان دڵنیاییان دا كه‌ پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیان هی مانگی(3,2,1)ی ناردوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ گرفته‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی ده‌ستی ده‌كات به‌ پێدانی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران و هێشتا وه‌ڵامێكی “موقنیعیشیان” پێ نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ كوێ چوه‌ و بۆ دابه‌شی ناكه‌ن؟.”



له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غداد ده‌ینێڕێت به‌شی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات بێ پاشه‌كه‌وت له‌گه‌ڵ دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌كانیان؟ رێبوار كه‌ریم وتی”به‌و پاره‌یه‌ی له‌ كوردستانیش هه‌یه‌ به‌ڵێ به‌زیاده‌وه‌.”

ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد له‌ ئێستادا، رێبوار كه‌ریم وتی”په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئاستێكی”مه‌عقول”دایه‌ هه‌مو هه‌وڵێكیشمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێكنه‌چێت و به‌ره‌وپێش بچێت وه هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غداد و‌ هه‌ردولا(به‌غداد و هه‌ولێر) وایان ڕاگه‌یاندوه‌ به‌یه‌كتر كه‌ جیاواز ده‌بن له‌ڕابردو كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان زۆر گرنگه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ هیوادارین هه‌مو كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد كۆتاییان پێبێت.”

https://www.facebook.com/learnenglishkid/
Advertisements

comments?