هەواڵ

دادگا بریاری ئازادکردنی تۆمەتبارێکی کەیسی سێوان قادری دا

لەسەر دۆسیەی سێوان قادر دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەری، بریاری ئازادکردنی بۆ تۆمەتباری دووەمی دۆسیەکە دەرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩)، سامی ساتی پارێزەری تۆمەتبارەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی یەک بریاریداوە بە ئازادکردنی تۆمەتباری دووەمی کەیسی سێوان قادر.

ئەوەشی خستەروو، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەری، دادگا بریاریدا بە داخستنی پەڕاو و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارەکە.

شەوی( ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ) بەھۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ سێ منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دایکی منداڵەکانیش بەشێکی زۆری  جەستەی سوتاو دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

دواتر ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە ھاوڵاتی دیار مەجید باوکی سێ منداڵەکە دەستگیرکراوە.

پێشووتریش قادر نوری باوکی ئەو ژنەی لەڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی چەمچەماڵ خۆی و منداڵەکانی سوتان بە ئێن ئار تی ڕاگەیاند،دەیانەوێت ھاوسەری کچەکەی سزایەکی توندی وابدرێت کە ببێتە پەند بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە گورگن و لەپێستی مرۆڤایەتیدا خۆیان حەشار داوە، تاوانی وا ئەنجام دەدەن کە دەبێتە ھۆی شەرمەزاری بۆ ھەموو مرۆڤایەتی”.

Advertisements

Categories: هەواڵ

comments?