هەواڵ

مامی سێوان نیگەرانە لەدادگاو دەلێ گەر مێردی سێوان بریاری لەسێدارەی بۆدەرنەچێ ڤیدیۆکان بلاودەکەنەوە

چاوپێکەوتن؛ ژوری هەواڵی پرس میدیا
سەرچاوە: پرس میدیا


چوار مانگ بەسەر سوتانی سێوان قادر و سێ منداڵەکەیدا تێدەپەڕێت، تا ئێستا دادگا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە کەیسەکەدا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا یەکێک لە تۆمەتبارانی کەیسەکە ئازادکرا، مامی سێوان دەڵێت هیچ گومانێکیان لەو تۆمەتبارە نەبووە و تەنها لەسەر وەسیەتی سێوان دادگا ئەوی دەستگیرکردووە. شەفیق نوری مامی سێوانی کۆچکردوو کە چوار مانگ پێش ئێستا لە ڕووداوێکی گوماناویدا و لەگەڵ سێ منداڵی گیانی لەدەستدا، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ پرس میدیا دوا و وردەکاری ڕووداوەکانی دوای کۆچکردنی سێوانی خستەڕوو و باسی لەو بەڵگانە کرد کە لەبەردەستیاندایە. دەقی چاوپێکەوتنەکە: پرس میدیا: ئەو ژنەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئازادکرا ئێوە گومانتان لێی هەبووە؟ 
شەفیق نوری: ئێمە هیچ کاتێک نەمانوتووە ئەو ژنە دەستی هەبووە لە سوتانی سێوان، هیچ کات بانگەشەی ئەوەمان نەکردووە، بەڵام وەسیەتێکی سێوان هەیە کە لای ئێمەیە، خۆی دەڵێت گومانم لەم ژنە هەیە، ئەو ئێستا لە گۆڕدایە و تەنها ئەو دەزانێت کە ئەو ژنە چ هەڵسوکەوتێکی ئەنجامداوە، ئەوە دەبێت دادگا بەدواداچوون بۆ ئەو گوومانە بکات، ئەوەی ئێمەی نیگەرانکردووە ئەوەیە کە دەبوو دادگا وردتربوایە و پێش ئازادکرنی ئەو ژنە دەبوو کەیسەکە بە فلتەری “جینایەت”دا تێپەڕێت نەک تەنها لە دادگای لێکۆینەوەوە کۆتایی بە دۆسیەکە بهێنرێت و ئەو بەبێتاوان لەقەڵەمبدرێت. پرس میدیا: گومانەکانی ئێوە لە مێردی سێوانی کۆچکردوو تاچەند پشتبەستە بە بەڵگەی سەلمێنەر؟ 
شەفیق نوری: تاوانباریی دیاری مێردی سیوان بەشێوەیەکە کە بەئەندازەی مسقاڵیک گومانی تێدا نییە و دڵنیاین لەوەی ئەو تاوانەکەی ئەنجامداوە، وەکو مامی سێوان بێباکم لە دادگا، چوونکە هەموو ئەو بەڵگانەی کە لای دادوەرن لای منیش هەن، هیوادارم چاوی دادوەر لە چاوی ئێمە تیژتر بێت و باشتر بەكڵگەکان ببینن و بڕیارێکی دادوەرانە بدەن. پرس میدیا: دادگا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بەڵگەکان کردووە؟ ڕازین بە کارەکانی دادگا؟ 
شەفیق نوری: بەڵگەمان لایە کە بە وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی تەلەفۆن دەسەلمێنرێت ئەو کەسە تاوانەکەی ئەنجامداوە و سێوان و منداڵەکانی سوتاندووە، دادگا تا ئێتشا هیچ هەنگاوێکی هەڵەی نەناوە، بەڵام کاتی زۆری خایاندوە ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گواستنەوەی دۆسییەکە لە چەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی کە لەسەر داوای خۆمان بوو، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری ناوخۆ و جێگرەکەی هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە، ئێمە هیچ کات ئاواتەخوازنەبووین بەوەی ئەو ژنەی دەستگیرکراوە دەستی هەبێت لە تاوانەکەدا، ئێمە لەخودامان ویستووە کە دەستی ئەوی تێدا نەبێت و هیوادارین واشبێت. پرس میدیا: بۆچی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستاندایە بڵاویانناکەنەوە بۆ ڕای گشتیی؟ 
شەفیق نوری: ئێمە ئێستا هیچ بەڵگەیەک بڵاوناکەینەوە لەبەر خاتری حکومەتەکەمان و ڕێڕەوی کاری دادگا، بەڵام من خۆم وەکو کارێکی هاوڕێیانە یەکێک لە بەڵگەکانم خستە بەردەستی ئەفسەرێکی ئەڵمانی کە ئەزموونی چەندین ساڵی لەو بوارەدا هەیە، ئەو راستەوخۆ ئاماژەی بەوەکرد کە سێوان بێتوانە و ئەوەی کە بەنیازی کوشتنبووە و سەرقاڵی ئەنجامدانی تاوانبووە لە ڤیدیۆکاندا مێردەکەیەتی، بۆیە ئێمە زۆر زۆر دڵنیاین کە ئەو کوشتنە لەسەر دەستی دیار ئەنجامدراوە، ئێمە ئاواتمان ئەوەبووە کە دیار نەبێت و تاوانەکە ئەو ئەنجامینەدابێت، بەڵام ئێمە هیچ کات لەو تاوانە خۆش نابین و چاوپۆشی لێناکەین، داواش لە خەڵک دەکەین گومان لە کەیسەکە نەکەن و خۆیان نەخەنە بەر ئاهونزولەی سێوانی کۆچکردوو. پرس میدیا: ئەگەر ئەنجامی کاری دادگا بەو شێوەیە نەبوو کە ئێوە چاوەڕێ دەکەن، هەڵوێستتان چی دەبێت؟ 
شەفیق نوری: ئەگەر دادگا چاوپۆشی بکات یان ئەو کەسە بە بێتاوان بناسینێت ئەوا ئێمە هەڵوێستمان دەبێی، یەکەم هەنگاو دەچینە لای سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، ئەگەر ئەو وەڵامی نەبوو دەچینە پەرلەمان ئەگەر ئەوانیش هەڵوێستیان نەبوو ئەوا ڕاگەیەندنەکان ئاگاداردەکەینەوە و هەموو بەڵگەکان بڵاودەکەینەوە و با هەموو دنیا بیانبینێت. پرس میدیا: پەیوەندی ئێوە لەگەڵ کەسوکاری تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەکە چۆنە؟ 
شەفیق نوری: ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەسوکاری دیاریش هەیە و وەکو دوژمنێکی بێدەنگ سەیریان دەکەین، بەڵام بێدەنگیمان لەبەر ئەوەیە کە دادگا کارەکانی خۆی بکات، دیار چەندە تاوانبارە کەسوکارەکەشی هێندە تاوانبارن چوونکە هەر لە سەرەتاوە دانیان بە تاوانەکەدا بنایە کارەکە ئاسانتر دەبوو و خەڵکیش لە بابەتەکە تێدەگەیشت. پرس میدیا: پەیامی تۆ چییە بۆ ڕای گشتی؟ 
شەفیق نوری: لەڕێگەی پرس میدیاوە رایدەگەیەنم ئەگەر حەقی ئێمە نەدرێت و دیار لەسێدارە نەدرێت ئەوا ئێمە هەڵوێستمان دەبێت و ڕێگەی تر دەگرینە بەر، ئەو ژنێک و سێ پەپولەی سوتاندووە قەت لێی خۆش نابین و دەبێت لەسێدارە بدرێت، خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە واز لەم کەیسە ناهێنین تا دەیگەیەنینە ئەو شوێنەی پێویستە.
Advertisements

Categories: هەواڵ

comments?