دواین زانیاری لەسەر تەندروستى حاکم گۆران

حاکم گۆران کە شەوى ڕابردوو تەقەى لە خۆى کرد، گورچیلەیەک و جگەر و بەشێک لە ئەندامى جەستەى لەدەستداوە.

سەباح زوهێر بەرپرسی ڕاگەیاندنى تەندروستى ئاکرێ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، حاکم گۆران لە نەخۆشخانەى ئاکرێ لەلایەن تیمێکى پسپۆڕى ئەمریکى و بە سەرپەرشتى  دکتۆر غازى زێبارى نەشتەرگەری بۆکراوە و بۆ ماوەى چوار کاتژمێر بەردەوامبووە و ٤٠ بوتڵ خوێنیان بۆ هەڵواسیوە.

سەباح زوهێر وتیشی، حاکم گۆران لە ئەنجامى تەقەکردن لەخۆى دوو گولـلە بەر لاى چەپی سنگى کەوتووە و دڵى سەلامەتە، بەڵام گورچیلەیەک و جگەرى و ژمارەیەک ئەندامى جەستەى لەدەستداوە و تائێستا مەترسی لەسەر ژیانى ماوە، لە ئێستاشدا لەژێر چاودێریى پزیشکدایە لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى ئاکرێ.

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوى ڕابردوو حاکم گۆران لە چیایەکی سنوری قەزای ئاکرێ لە پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لە خۆی کرد و دوای ئەوەی چەند فیشەکێکی بە خۆیەوە نا، دەستبەجێ چەند کەسێک کە لە دەوری بوون، هەڵیانگرت و بە پەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کرد.

ئەو هاوڵاتییە  چەند کاتژمێرێک بەرلە تەقەکردن لە خۆی رایگەیاندبوو، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ خۆی دەکوژێت، بێ ئەوەی لایەنی پەیوەندار بچێت بە دەمییەوە و گوێ لێبگرن.

حاکم گۆران قادر ئەو کەسە بوو لە کاتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا بۆ ماوەی چەند مانگێک چووە سەر شاخ و ڕایگەیاند، تا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕانەگەیەنرێت نایەتە خوارەوە.

Source NRT

Advertisements

comments?