“من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم”


ئه‌مڕۆ ١٠ ساڵ تێپه‌ر ده‌بێت به‌سه‌ر تیرۆركردنی خوێندكاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین سه‌رده‌شت عوسمان .
سه‌رده‌شت خوێندكاری قۆناغی چواری به‌شی ئنگلیزی بوو له‌ كۆلێجی ئاداب، ١٥ رۆژ دوای وێنه‌ی ده‌رچوون كه‌له‌م ڤیدیۆیه‌دا ده‌یبینن .
له‌ ٣ ی ٥ ی ٢٠١٠ له‌به‌رده‌م بینای كۆلێجی ئاداب له‌هه‌ولێر به‌ ٢ ئۆتۆمبیل ده‌رفێنرێ و دوای ٢ رۆژ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌ ئاسه‌واری گوله‌ له‌ناوده‌میدا بینرا.
سه‌رده‌شت عوسمان له‌سه‌ر ئه‌م نوسینه‌ تیرۆركرا و تا ئێستاش بكوژانی ده‌ستگیر نه‌كراون

“من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم”

من عاشقی‌ كچەكەی‌ مەسعود بارزانیم، ئەو پیاوەی‌ كە جار جارە دەردەكەوێت و دەڵێت من سەرۆكتم، بەڵام من حەز دەكەم خەزورم بێت، واتە دەمەوێت ببم بە ئاوەڵزاوای‌ نێچیرڤان.
ئەگەر ببم بە زاوای‌ بارزانی‌، ئەوا مانگی‌ هەنگوینیمان لە پاریس بەسەر دەبەین و یەك دوو شەوێكیش بۆ سەردان دەڕۆین بۆ كۆشكەكەی‌ ماممان لە ئەمریكا، ماڵەكەم لە گەڕەكێكی‌ هەژارنشینی‌ هەولێرەوە دەگوازمەوە بۆ سەری‌ رەش و شەوان سەگی‌ ئەمریكی‌ و پاسەوانی‌ ئیسڕائیلی‌ چاودێری‌ ماڵەكەم دەكەن.

باوكە بەدبەختەكەی‌ پێشمەرگەی‌ ئەیلولیشم كە تاوەكوو ئێستا پارتی‌ خزمەتی‌ پێشمەرگایەتی‌ بۆ قەبوڵ ناكات بە بیانووی‌ ئەوەی‌ كە ئێستا پارتی‌ نییە، باوکم دەكەم بە وەزیری‌ پێشمەرگە.

برا بەدبەختەكەشم كە زانكۆی‌ تەواو كردووە و ئێستا بێئیشە و دەیەوێت بە قاچاغ بڕواتە هەندەران ، ئه‌ویش دەكەم بە بەرپرسی‌ پاسەوانە تایبەتییەكانم.

خوشكەكەشم كە تاوەكوو ئێستا شەرم دەكات بڕواتە بازاڕ، دەبێت وەكوو كچە بارزانییەكان پڕادۆ و وەنەوشە لێبوخوڕێت.

دایكیشم لەبەر ئەوەی‌ نەخۆشی‌ شەكرە و دڵ و زەختی‌ هەیە و پارەی‌ نەشتەرگەری‌ دەرەوەی‌ وڵاتی‌ نییە، دوو دكتۆری‌ ئیتاڵی‌ لەماڵەوە بۆ تەعین دەكەم.

بۆ مامەكانیشم چەند دیوەخانێك دەكەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانم دەكەم بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا. بەڵام هاوڕێكانم دەڵێن”وازبێنە سەرۆ خۆت بەكوشت مەدە، ئەوە ماڵی‌ مەلایە هەرئەوەندە گوتتیلن هەڕڕە ئیدی‌ ئیشت تەواوە”، باشە خۆ كفر ناكەم، سوێند بە دەسكی‌ خەنجەرەكەی‌ مەلا مستەفا ئیدریس بارزانی‌ لەگەڵ باوكم سێ شەو لەژێر یەك لەتە شاخدا رۆژیان كردووەتەوە، ئاخر چیتێدایە با مەسعوود بارزانی‌ خۆی‌ بە سەرۆك بزانێت، ئەی‌ ئەگەر سەرۆكە با بڵێ لەماوەی‌ هەژدە ساڵی‌ رابردوودا چەند جار سەری‌ بە گەڕەكێكی‌ هەولێر و سلێمانیدا كێشاوە؟

بەس كێشەكەم ئەوەیە ئەم پیاوە ئەوەندە عەشایەرە لەودیو سەری‌ رەشەوە كەس بە پیاو نازانێت، ژنی‌ هەموو سەرۆكەكانی‌ دونیا لەڕێگەی‌ یەك كلیكەوە دەدۆزمەوە كەچی‌ هەتاوەكوو ئێستا نازانم خەسووەكەم چۆنە.

نازانم بۆ داخوازی‌ كێ لەگەڵ خۆم ببەم؟ لەسەرەتادا ویستم چەند مەلا و ریش سپی‌ و پێشمەرگەیەكی‌ كۆن كۆكەمەوە و ئێوارەیەك ناوی‌ خوای‌ لێبێنین، بەڵام هاوڕێیەكی‌ رۆژنامەنووسم وتی‌ ” كوڕی‌ چاك هەندێك جاش و ئەنفالچی‌ بدۆزەوە مەسعوود زۆر حەزی‌ بەوانە”. برادەرێكی‌ دیكە وتی‌ وەڵاهی‌ ئەگەر بەقسەی‌ من دەكەی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەنووسی‌ نێچیرڤان بارزانیدا بڕۆ ژێر باڵی‌ و بڵێ وەڵا ئیشێكی‌ خێرم هەیە، یان ئەگەر نەشكرا كورە بە دەشنێ بڵێ ئەو زوو زوو دەیانبینێت با بۆتی‌ تەرتیب بكەن.

سه‌رده‌شت عوسمان 

Advertisements

comments?