هەواڵ

ئەو رۆژەی زێبا ھاتە گەڕەک

مەزبەتە!.

حسين علي شريف

لە سەرەتای دروست بونیەوە هەتا ئەو کاتەی “زێبا” هاتە گەڕەکەکەی ئێمە. ئەتوانین بڵێین کە ئەو ڕوداوە بە گرنگ ترین ڕوداوی مێژوویی ئەو گەڕەکە ئەژمێردرێت.

هەر لە یەکەم ڕۆژی گەشتنی “زێبا” گەڕەک ،لە گەڕەکێکی چۆڵو هۆڵی پیسو پۆخڵی دورە دەستو دورە خزمەت گوزاری،بوە خۆشترینو قەرەباڵغ ترین گەڕەکی ئەو شارە.

سەیارەی خۆڵەکە کە پێشو تر تەنها ڕۆژانی یەک شەمە ئەهاتە گەڕەکی ئێمە ،لە دوای هاتنی “زێبا” ڕۆژی واهەبوو دوو دانە جار ئەهات.

تەنکەری ئاوەکە بە هەمان شێوەو بنکەی تەندروستی شارەکەش بۆ کوتانی مناڵ هەفتەی دوجارو دائیرەی زەراعەش بۆ ڕشتنی دەرمانی مشکو ڕشکو ئەسپێ هەفتەی چوار جار ئەهاتن.
مزگەوتە بچوکەکەی گەڕەک کە لە بەر تەواو نەکردنی ڕێژەی شەرعی”پەنجا نەفەر” هەرگیز جومعەی تیا نەئەکرا، دوای هاتنی “زیبا” وای لێ هات کە “مەلا سمایل” لە بەر قەرەباڵغی مزگەوتەکەی لە خۆشیا پێی عەرزی نەئەگرت.
ئاخر “مەلا سمایل” لەو ڕۆژەی بوبوە مەلای ئەو مزگەوتە خەونی بەو ڕۆژەوە ئەبینی وەک مەلاکانی تر خوتبەیەکی جومعە بدات.
لە ڕووی ئابوریشەوە هاتنی “زێبا” گەورەترین گۆڕان کاری لە بونیادی بەهێز کردنی ئابوری گەڕەکا ئەنجام دا.
لە ساڵانی پێشودا تاکە ماڵ کە چلورەییان ئەفرۆشت ماڵ “خانمی عەزەی نامیق” بوو .
کە بە هەفتەیەک یەک تەپەتۆریان بۆ تەواو نەئەکراو “بلەی خاوەر بێوەژنیش ” بە دوو ڕۆژ سینیەک شروبی بۆ نەئەفرۆشرا.

بەڵام هەر لە هەفتەی یەکەمی دوای هاتنی ئەو ژنە ، هەموو ماڵەکان دەستیان کرد بە فرۆشتنی شتومەک.
“ئەحەی دادە ئەفرۆز” سوێندی ئەخوارد کە ماڵ “خانم ” ئێستا ڕۆژی ٥ تەپەتۆری ڕێک چلورە ئەفرۆشن.
من خۆم تەنها بە پارەی فرۆشتنی پسکیتی کەرێ پاسکیلێکی بیستو دووی هێرۆم کڕیو” خالی حاجی عەلی” هاوڕێشم بە پارەی ترۆزی بە ترشو خوێوە بیست جووت کۆتری تەقەلە بازی پەڕ لە پێی کڕی.
خانوو لە گەڕەکەی ئێمەدا نرخی قاتو نیوێک چوە سەرو درۆ ناکەم گەر بڵێم چۆلەکەو باڵندەکانیش دوای هاتنی ئەو ژنە زیاتر لە ئاسمانو گوێسەبانەی ماڵەکانی ئەو گەڕەکەدا بە دەر ئەکەوتن.

“زێبا ” ژنیکی ئەسمەری گۆشتنی باڵا مام ناوەندی بوو کە جووتێ چاوی ڕەشی گەورەو قژێکی ڕەشی پڕی درێژو سنگێکی بەرزی هەمیشە نیمچە ڕووتو دوو قاچی خڕو پوزێکی پڕی جوانی پێوە بوو کە دایم بە پاوانەیەکو خاڵێکی شین شەڕی بە پیاوانی گەڕەکو شار ئەفرۆشت.
ئەو دەنگێکی گڕی بە هێزیشی پێوە بوو دوای ئەوەش کە ڕۆژێک تێری لە پیاوێکی جامانە بە سەری کەڵەگەت دا کە دواتر ووتیان مێردە کۆنەکەی بوە ئەوەنەی تر سامو هەیبەتی لە ناو ژنانی گەڕەکا بڵاو کردبویەوە.
جگە لە “دادە ئاهوو” کە دایم بە “زێوا قون زل یان زێوکە بێ حەیا جار جارەش زێوا ئاڵۆشاوی” بانگی ئەکرد، هیچ ژنێکی تر نەی ئەوێرا لە ئاستیا سەر بەرز کاتەوە.
“زێبا ” هەرچی بویستیایە بە ئاسان ترین شێوە بۆی پەیا ئەبوو.
وا خۆی ئەکرد بە دائیرەی پۆلیسو قایمقامیەتو شارەوانیو دائیرەکانی ترا وەک ئەوەی ماڵی خۆی بێ.
“زێبا ” ئەیتوانی کێی بوێت بە گرتی بداتو کێشی بوێت لە زیندان ڕزگاری کا.

لە دوای هاتنی ئەو خانمە جوانە، هیچ پێاوێکی گەڕەکەکەی ئێمە نەئەچونە چاخانەکان بۆ دۆمینەو گەنجەکانیش بن تایەرو تونی حەمامەکەیان تەرک کردوو هەر هەمویان بەرانبەر دەرگا هەمیشە کراوەکەی “زێبا” دائەنیشتنو خوا خوای ئەوەیان بوو کە ئەو ژنە ئیشێکیان پیا بدات.

هەرچی گەنجی ئەو شارەش هەبوو ڕۆژی دە جار ئەیاندا بە ئەو کۆڵانەی ئێمەدا.
لەو شارەدا بە دوای هەر کەسێکا بگەڕایەی، شکی نەبوو لە گەڕەکەکەی ئێمەدا ئەتدۆزیەوە.

هەر کە شەوی لێ ئەهات میوانەکانی ماڵ “زێبا” خۆیان ئەکرد بە ژورا.

لە فەرمانبەرو دوکاندارو سایەق گەڵابەو پۆلیسو جار جارەش پیاوی ماقوڵو دیاری شارەکەی تێ ئەکەوت.

دەنگی پیکەنینی بەرزی “زێباو میوانەکان” بە ئاسانی ئەگەشتە ماڵ بە ماڵی گەڕەکو هەتا درەنگانی شەویش ئەم میوان ئەهاتو ئەو میوان ئەرۆشت.

ووردە ووردە دەنگی ناڕەزایی ژنانی گەڕەک لێرەو لەوێ ئەبیسترا ،گلەییەکانیش زیاتر لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو کە هیچ پیاوێک تاقەتی ژنەکەی خۆی نەمابوو!.

هەموو پیاوانی گەڕەک ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی ماستاوو لالە حەمەیی بوون بۆ “زێباو “و شەوانیش یان ئەڕۆشتن بۆ ئەوێ یان لە سەربانو ناو هەورەبانەکانەوە سەیری ماڵی ئەو ژنەیان ئەکرد.

کەس چاوەڕێێ ئەو ڕۆژە نەبوو کە هیچ کەسێ بتوانێت ڕوبەڕوی” ئەو ژنە ” ببێتەوە،
بۆیە ئەو ڕۆژەی “مفەوەز عەلی” بە خۆیوو سێ پۆلیسەوە خۆی کرد بە ماڵ “سەعدەدا” تەواوی خەڵکی لە قیژەو هاواری ئەو ژنە هاتنە دەرەوە.

“زێبا” بە دەم ڕۆشتنی ڕێگاوە بەرەو مەرکەزی پۆلیس لە پەسا جنێوی پیسی بە پۆلیسەکانو تەواوی ئەهلی گەڕەکیش ئەدا.

ئێمە کە مناڵ بووین دوای” پۆلیسەکانو زێبا” کەوتین هەتا بەردەم مەرکزەکە،بەڵام ئیتر ئەو بەتەنیا ڕۆشتە ژوری بەڕێوەبەری پۆلیسو زیاتر لە نیو سەعات بە تەنیا مایەوە.

لە گەڵ هاتنە دەرەوەیدا بە قژی ئالۆسکاوو سنگی کراوەیەوە هەستمان کرد کە ئەو لە ژوری بەڕێوەبەری پۆلیس کە عەرەبێکی موسڵاوی بوو کاری خۆی مەیسەر کردبوو.

“زێبا” کە هاتە دەرەوە مەزبەتەیەکی بە دەستەوە بوو بە پەلە بەرەو گەڕەک گەڕایەوەو لە بەردەمی ماڵەکەی خۆیا کەوتە هاوارو جنێو دان بە یەک بە یەکی ناوەکان کە بە دەنگی بەرز ئەیخوێندەوە.

قالە سور” تۆش مەزبەتەت لە سەر من پڕ کردۆتەوە!؟.
خۆ تۆ هەموو ڕۆژێ وەک سەگ ئەپاڕێیتەوە کە من سنگمت نیشان بدەم!.

“باقەی حەمەنەجم” تۆش بویت بەو پیاوە ئاوا مەزبەتەم لە سەر بنوسیت؟!. ئەی خۆ تۆ هەرچی پارەت هەیە ئەیدەی بە من کە دەرگات لێ بکەمەوە.
“سالە سیلاوی ” تۆش؟!،خۆ تۆ رۆژ نیە “بەهیەی” ژنت نەکەیتە قوربانی قونم!.

هەر دوای ئەوە

ئیتر ئەوەندەمان زانی هەرچی پیاوی گەڕەک بوو بە پەلە ڕایان کردوو هەرچی ژنی گەڕەکیش بوو لە بەر خۆیانەوە کەوتنە جنێو دان بە پیاوەکانیان.

“زێبا” دوو سێ جار مەزبەتەکەی هێنا بە ناوگەڵیاو دواتر خستیە ژێر پیکانیو بە توڕەییەوە ڕۆشتە ژورەوەو دەرگاکەی بە توندی لە دوای خۆی داخست.

لە دوای ڕوداوی کەشف بونی مەزبەتەکەوە ئیتر” زێبا” ڕوی نەئەدا بە هیچ کەسێکی گەڕەکو هەرچی پیاوی گەڕەکیش هەیە گەڕانەوە سەر کارو کاسبی خۆیان.

دوای نزیکی شەس مانگ لە بەزمی مەزبەتەکە بەیانیەکی زوو ئەهلی گەڕەک بە دەنگی گریانی دایکە پیرەکەی “زیبا” بە خەبەر هاتن.

لەو بەیانیەوە هەتا چوار ڕۆژ دوای ئەوەش دەنگو ڕەنگی “زێبا” لە گەڕەکا نەبیستراو نەبینرا.
لە سەری چوارەم ڕۆژا پیکابیکی دوو تەنی دایکو باوکە پیرەکەیو ماڵەکەیان بەرەو جێگایەکی نادیار برد.

لە چیرۆکی دەماو دەمی ئەهلی شارو گەڕەکا ، تەنها ئەوە بیسترا کە:

دوای ئەوەی “زێبا” بە ئەنقەستو بە هیوای شوکردن بە “جەمالی کەریم دارتاش “سکی پڕ ئەکاتوو ئەڕواتە ماڵ” جەمال”و پێیان ئەڵی کە سکەکەی لە کوڕەکەی ئەوانەو ئەگەر نەیخوازن حەیایان ئەبا .
شەوێک دوای ئەوە “جەمالو ئامۆزاکانی”بە تاکتیک ” زێبا” لە ماڵ دەرئەکەنو ئەیبەنە سەر ئاوەکەی سیروانو دوای ئەوەی بە فیشەکیک ئەیکوژن تەرمەکەشی ئەبەستن بە بەردی گەورەوەو لە سەر جسرەکەوە فڕەی ئەدەنە ناو قوڵایی ئاوەکە.

لە” خاوەری مەلا عەلیشمان” بیست کە “زێبا” ماوەی چەن مانگێکە عاشقی “جەمال” بوەو دوای ئەو دەستی لە هەموو پیاوەکانی تری شار هەڵگرتبوو بەو هیوایەی ژیانێکی نوێ بۆ خۆی دروست بکا.

Advertisements

Categories: هەواڵ

comments?